شاخەوان عەبدوڵلا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گوتی: دوای رێگرییەکانی ئەم دواییەی سوپا لە جوتیارانی کورد بۆ دوورینەوەی بەرهەمەکانیان لە ئەنجامی سکاڵای عەرەبی هاوردە، لەگەڵ سەرۆک وەزیران و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان لە بەغدا قسەمان کرد.
گوتیشی: دواتر لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە فەرمان بە ئۆپەڕاسیۆنەکانی کەرکووک کرا رێگرییەکان هەڵگرن و جوتیاران دوورینەوەی بەرهەماکانیان دەست پێ بکەن، بەلام بەداخەوە بە هەر هۆکاریک بێت ئەو نووسراوە نەگەیشتبووە کەرکووک.
هەروەها گوتی: ئەمرۆ جارێکی تر لە ڕێگای بەغداوە نووسراوەکەمان گەیاندە کەرکووک و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک نووسراوەکەیان وەرگرت، ئیتر لە ئەمڕۆوە دەست بە هەڵگرتنی خێمەکان دەکەن و جوتیارەکان دەست بە دوورینەوەی بەرهەمەکانیان دەکەن.
شاخەوان عەبدوڵلا ئاماژەی بەوەش دا كە بۆ ئاگاداری هەموولایەک رۆژی پێنجشەممەی رابردوو پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بریارەکانی بەعس لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا و پشت بە خودا لە یەکەم دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاساکە دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو کێشانە بەشێوەی یەکجاری کۆتاییان پێ بێت .
چەند رۆژێك بوو بەشێك لە عەرەبە هاوردەكان هاتبوونە سنووری گوندی پەڵكانە و خێمەیان هەڵدابوو بۆ ئەوەی رێگری لە جوتیارانی كورد بكەن بەرهەمەكانیان بدوورنەوە، ساڵانی رابردووش هەمان كێشە دووبارە دەبووەوە و عەرەبە هاوردەكان بەردەوام رێگرییان لە جوتیارانی كورد دەكرد بەهۆیەوە ئاڵۆزی لە گوندەكە دروست دەبوو.