zagros news agency

ئاگادارییەکی گرنگ و بەپەلە لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە

بۆ سەرجەم سوودمەندانی زەویی فەرمانبەران

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر سەرجەم فەرمانبەران و هاوڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە.

دوای بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٤ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، و دواتر دەرچوونی ڕێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٤ لە ڕێکەوتی ٣١ی ئایاری ٢٠٢٤ کە تایبەتە بە مەرج و ڕێکارەکانی دابەشکردن بە شێوەی قۆناغ و تیروپشک، ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ ڕای گشتی ڕوون دەکەینەوە …

١- بە هەموو شێوەیەک کڕین و فرۆشتن بە زەویی فەرمانبەران و زەوی کارتەکان ڕێگەپێدراو نییە و پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەکانە. تا ئەو کاتەی سەرجەم مامەڵە و ڕێکارە یاساییەکانی تۆمارکردن و وەرگرتنی وێنەی تۆماری فەرمی و سەربەخۆ تەواو نەبێت، نابێت هیچ مامەڵەیەکی کڕین و فرۆشتنی لەسەر ئەنجام بدرێت. دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان، زەویەکە دەبێتە موڵکی سەربەخۆی خۆی و ئەوکات مافی کڕین و فرۆشتنی هەیە.

٢- بەداخەوە تێبینی کراوە هەندێک لەو فەرمانبەرانەی زەویان بۆ دەرچووە یان ئەوانەی زەوییەکانیان هێشتا بە شێوەی کارتە و تۆمار نەکراوە، دەستیان کردوە بە کڕین و فرۆشتن. ئەم کارە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی و یاسایی و ئاڵوگۆڕکردنی زەوییەکە لە نێوان چەندین دەست، لە کاتێکدا هێشتا هیچ تەرخانکردنێکی فەرمی لەلایەن شارەوانییەوە بۆ ئەو زەوییانە نەکراوە. بەپێی ڕێنماییەکان، ئەم مامەڵانە بێ بنەما و نایاسایین.

٣- داوا لە گشت فەرمانبەران و هاوڵاتییان دەکەین خۆیان بە دوور بگرن لەم جۆرە مامەڵانە. هەروەها داوا لە سەرجەم نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە دەکەین بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، بە پێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیاری یاسایی دەبن.

جێی باسه لە کۆی ٨٢ هەزار ناوی فەرمانبەر لە سنووری سەنتەری شاری هەولێر کە ڕەزامەندییان لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ گەڕاوەتەوە، تا ئێستا لە هەشت قۆناغدا ٥٥ هەزار فەرمانبەر لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر سوودمەند بوون لە وەرگرتنی زەوی، و کارکردن لەسەر قۆناغەکانی داهاتوو بەردەوامە.

ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر
٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦

هەواڵی پەیوەندیدار

سوپای سووریا هەڵمەتێکی لە سەرسنووری لوبنان دەست‌ پێکرد

سەڵاح

مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت

دڵشاد

پزیشکێکی دڵ: تەنها یەک جۆری شوکولاتە بۆ تەندروستی بەسوودە

یاسین