مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی گەورەترین پڕۆژەی ستراتیژیی گەشتیاری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دانا. لە وتارێکدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەشەپێدانی ئابووری و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان.
لە مەراسیمەکەدا، سەرۆکی حکومەت دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار (مارمۆنتانا) و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کرد بۆ ئەو ئاسانکارییانەی پێشکەشی وەبەرهێنەرانیان کردووە. ئاماژەی بەوەش دا کە گرنگیدان بە کەرتی گەشتیاری بەشێکە لە کارنامەی حکومەت، بە ئامانجی فرەجۆرکردنی ئابووریی کوردستان و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان تەنها پشت بە یەک سەرچاوە نەبەستێت.
مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر سروشتی دڵڕفێن و پێگەی گرنگی مێژوویی و ئایینیی سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لە بادینانەوە تا هەولێر و گەرمیان و سلێمانی، کە دەبنە هۆکارێک بۆ ڕاکێشانی گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوە. لە هەمان کاتدا نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییە سنوورییەکانەوە هێشتا نەتوانراوە بەشێک لە گوند و ناوچەکان ئاوەدان بکرێنەوە، و هیواخوازی گەڕانەوەی ئارامی بوو بۆ ئەو ناوچانە تا ئەوانیش بخرێنەوە خزمەت کەرتی گەشتیاری.
سەبارەت بە ڕۆڵی حکومەت و پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت، سەرۆکی وەزیران دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی ئاسانکاریی زیاتر، لەوانە دروستکردنی ڕێگەوبان، خێراکردنی پێدانی مۆڵەت، و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان و هاووڵاتییان بە خێراترین شێوە کارەکانیان ڕایی بکەن و ئاستی خزمەتگوزارییەکان بەرزتر بکرێتەوە.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، مەسرور بارزانی پەیامێکی ژینگەپارێزیی ئاراستەی هاووڵاتییان و گەشتیاران کرد و داوای کرد ژینگە و سروشتی کوردستان بە خاوێنی ڕابگرن. ناوبراو ڕایگەیاند: “پاکڕاگرتن و پاراستنی هەر بستێکی ئەم خاکە ئەرکە، چونکە خاکێکی پیرۆزە و خەبات و زەحمەتێکی زۆری بۆ کێشراوە و بە خوێنی شەهیدان پارێزراوە.”

