zagros news agency

ترەمپ : هیوادارم هیچ هێرشک لە ئارادا نەبێت بۆ سەر ئێران

لە کاتێکدا قەیرانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەبێ هیچ پێشکەوتنێک لە دانوستانەکاندا لە جێی خۆیدا ماوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە واشنتن لە دۆسیەی ئێراندا کارەکانی بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەدەبات.

لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی لووتکەی کۆمەڵەی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (ئاسیان) لە مانیلا، ترەمپ گوتی: “ئێمە لە ئێران کارێکی زۆر باش دەکەین.”

ئەم لێدوانە هاوکاتە لەگەڵ قسەکانی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە ئاماژەی بەوە کرد بڕوای وانییە هەڕەشەیەکی نزیک لەسەر پایتەختی ئەمریکا هەبێت؛ ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پرسیارێک سەبارەت بە ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی (CNN) کە پشتی بە هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگریی ئەمریکا بەستبوو دەربارەی ئەگەری هێرشێکی ئێران بۆ سەر واشنتن بە بەکارهێنانی “بۆمبی پیس” (بۆمبی تیشکدەر).

ڕۆژی سێشەممەش، دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی (CNN) ڕایگەیاندبوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە جددی مامەڵە لەگەڵ هەر پیلانێکی ئەگەریی ئێراندا دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرش.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێشەممە ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و بە “بێبنەما” وەسفی کردن.

مارکۆ ڕوبیۆ لە مانیلا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکدا کە ئایا نیگەرانە لە “هێرشێکی نزیک” بۆ سەر واشنتن، گوتی: “نیگەران نیم… بڕوام وانییە هیچ هەڕەشەیەکی نزیک هەبێت.” ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەتی ئەمریکا “هەمیشە چاودێریی هەر شتێک دەکات کە هەڕەشە بێت بۆ سەر سەلامەتی و ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکان.”

جێی باسە، ڕۆژی سێشەممە کاتێک ڕۆژنامەنووسێک پرسیاری لە ترەمپ کرد کە ئایا ئێران پیلان دادەنێت بۆ تەقاندنەوەی بۆمبێکی تیشکدەر لە پایتەختی ئەمریکا، ترەمپ بە نیشانەی بەڵێ سەری لەقاند. هەروەها لە کاتی دانیشتنێکی وێنەگرتندا لە مانیلا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: “ئێمە لێکۆڵینەوە لەم بابەتە دەکەین.”

کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا هەڕەشەیەکی نزیک هەیە، ترەمپ وەڵامی دایەوە: “باشە، ئەگەر هەڕەشەیەک هەبێت، ئەوا باجێک دەدەن کە هیچ وڵاتێک پێشتر باجی وای نەدابێت.”

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەشدا کە ئایا هیچ هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی بڕوا بکرێت هێرشێکی نزیک لە ئارادایە، ترەمپ گوتی: “هیوادارم وا نەبێت، بەڵام ئێمە بە جددی وەریدەگرین چونکە ئەوان شێتن.”

هەواڵی پەیوەندیدار

هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەرانی بەسرە

سەڵاح

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح

دووپشک دەستگیر کرا

یاسین