ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

وەزیری ئەوقاف: 30 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان لە مەککە کۆچی دواییان کردووە

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “نزیکەی 15 هەزار کەس لە دەرەوەی رێکارەکانی وەزارەتی ئەوقافەوە چوونە حەج.”

دووشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2024، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، 30 هاونیشتمانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە مەککە کۆچی دواییان کردووە، کە تەنیا یەک کەسیان لەڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە چووەتە سعودیە، ئەمرۆ یەکەم کاروانی حاجییان بە سەلامەتی گەیشتنەوە شاری هەولێر؛ داوای لێبووردنیان لێ دەکەین بۆ هەر کەموکووڕییەک کە هەبووە.

وەزیری ئەوقاف هەروەها گۆتی، “سوپاسی هەموو تیمەکان دەکەین کە بە حاجیانی هەرێمی کوردستانەوە ماندوو بوون، لە کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە، چوار هەزار و 685 کەس ڕێورەسمی حەجی کردووە، ئەوە بەشی هەرێمی کوردستان بووە لە عێراقدا”.

دەشڵێت، “بەشێک لە حاجییان بە فڕۆکە و بەشێکی دیکەیان بە ڕێگەی وشکایی چوونەتە سعوودیە. 42 فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی لە خزمەت ئەو حاجیانەدا بوونە لە مەککە و مەدینە.”

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕاشیگەیاند، جگە لەو ڕێژەیەی کە حەجیان کردووە، ژمارەیەکی دیکەی هاووڵاتییان لەڕێگەی جۆراوجۆرە و بە ڤیزای گەشتییارییەوە فەریزەی حەجی بەجێ گەیاندووە، ئەوانەی لەو ڕێگەوە ئەو ڕێوڕەسمەیان کردووە هیچ پەیوەندییان بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینییەوە نییە.

بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی سعوودیەیان کردووە، لە کاتێکدا، کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، چوونەتە سعوودیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

هەوڵگری ئەمەریکا: ئێران بەنهێنی هانی خۆپیشاندانەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە غەززە دەدات

یاسین

نرخى نەوت بەرزبوونەوەى تۆمار کرد

سەڵاح

ئەمڕۆ مووچەی ئەم وەزارەتانە دابەش دەکرێت

یاسین