ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

زانیاری نوێ لەبارەی خەرجکردنی دوو مووچە گەیشت

 

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوت و هەشتی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی دا.

ئەو سەرچاوەیە گوتی: “سوودانی رەزامەندی دا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان و دیوانی چاودێری دارایی عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی لیستی مووچە. هەروەها بڕیاری دا بەخەرجکردنی مووچەکانی مانگی 7 و 8.”

هاوکات، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەل سەرۆکوەزیرانی عێراق “گفتوگۆمان کرد و بڕیاری دا ئەمڕۆ فەرمانی خەرجکردنی مووچەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بۆ مانگی حەوت و هەفتەی داهاتوو مانگی هەشت بدات.”

دەشڵێت، “لەبارەی ئەو گرفتانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دروستی کردووە بەبڕینی مووچەی چەند توێژێک لەبەر چەند هۆکارێک پێشنیارمان کرد، ئەوانەی دوو جار ناویان هاتووە ئەوانەن کە فەرمانبەرن لە هەرێم و مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتییان هەیە نووسراو ئاراستەی وەزارەتی کاری فیدراڵی بکرێت بۆ ئەوەی مووچەیان ببڕێت نەک بڕینی مووچەکانیان کە سەربە حکومەتی هەرێمە.”

شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژە بەوە دەکات، لەبارەی ئەوانەی بایۆمەترییان نەکردووە، “بە سەرۆکوەزیرانم راگەیاند ئەوەی بایۆمەتری نەکردووە مانای ئەوە نییە وجودی نییە و نابێت مووچەکانیان ببڕن، هاوشێوەی ئەوان لە حکومەتی فیدراڵیش هەیە و بایۆمەترییان نەکردووە.”

بۆ ئەو مەبەستە، دەڵێت پێشنیاریان بۆ سوودانی کردووە کە گشتاندنێک بکرێت بۆ سەرجەم فەرمانگەکانی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان کە “دەبێت ئەو پرۆسەیە لە ماوەی ئەوەندە مانگە تەواو بکرێت بەپێچەوانەوە مووچەکانیان ببڕن، نەک ئەوەی لەئێستاوە ببڕێت و باسمان لەوە کرد حکومەتی هەرێم لەو پرۆسەیە زۆر خێرایە و لە سەرەتای ساڵەوە لە کۆی 600 هەزار فەرمانبەر کە مابوون و بایۆمەتریان نەکردبوو ئێستا تەنیا 100 هەزار ماوە و پرۆسەکەش بەردەوامە، بەسوپاسەوە گوتی هەردوو پێشنیارم لاپەسەندە و کاری لەسەر دەکەین.”

جێگری سەرۆکی پەرلەمان دڵنیایی دەدات لەوەی “هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە دەیخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە میزاجی شەخسیی وەزیرێک یان کەسێک دەربکەین و بچێتە چوارچێوەی دامەزراوەی فەرمی هەردوو حکومەت و یاسا بەرکارەکان.”

هەواڵی پەیوەندیدار

حکوومەتی عێراق قەرزداری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە

یاسین

خولی ئەڵمانیا.. جەنگی دۆرتمۆند و بایرن بەبێ براوە کۆتاییهات

یاسین

پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە

یاسین