ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

وەزیری ناوخۆ : ئیرادەیەكی سیاسی لە بەغدا هەیە بۆ ئەوەی ڕاگرتن و نەناردنی مووچەی هەرێمی كوردستان بكاتە فشاری سیاسی

وەزیری ناوخۆ ئاشكرای دەكات، لیستی مووچە ڕێكوپێكە و تێبینییەكانی دیوانی چاودێریی دارایی بە هەند وەرگیراون دەشڵێت: “ئیرادەیەكی سیاسی لە بەغدا هەیە بۆ ئەوەی ڕاگرتن و نەناردنی مووچەی هەرێمی كوردستان بكاتە فشاری سیاسی.”

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە پرێس كۆنفرانسێكدا ڕاگەیاند: “لیستی مووچە بەڕێكوپێكی لەلایەن دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە شارستانی و سەربازی بەڕێكوپێكی ئامادە كراوە، دواخستن و نەناردنی مووچە هیچ پەیوەندی بە وردبینیەوە نییە، ئەوەی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی هەی بووە تێبینییەكان هەمووی چاك كراون و هی ئەوە نییە، مووچەی پێ ڕابگیرێت.”

جەختی لەوە كردەوە: “ئیرادەیەكی سیاسی لە بەغدا هەیە بۆ ئەوەی ڕاگرتن و نەناردنی مووچەی هەرێمی كوردستان بكاتە فشاری سیاسی و هەڵبژاردن و ئەوەی دەكرێت نادەستوورییە.”

ڕێبەر ئەحمەد، ڕوونیشی كردەوە: “هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور مافی خۆیەتی بودجەی خۆی هەبێت و مووچە و كاروباری خۆی هەڵسوڕێنێت، بەڵام لە بەغدا ئەو مافە دەستووریی و فیدراڵییە پیادە ناكرێت.”

وەزیری ناوخۆ ئەوەشی خستە ڕوو: “جارێك بیانوو دەگرن بە لیستی مووچەی مەدەنی و جارێكی دیكە بە لیستی مووچەی سەربازی، هەمووی بیانووی سیاسین و هیوادارین بڕیاری دروست بدرێت و مووچە وەكو كاری فشار و كارتی سیاسی دژی هەرێمی كوردستان بەكارنەهێندرێت.”

ئەوە لە كاتێكدایە، دارایی عێراق زیاتر لە 50 ڕۆژە مووچەی هەرێمی كوردستانی خەرج نەكردووە و زیاتر لە 38 ڕۆژیشە لیستی مووچەی مانگی حەوت لە بەغدایە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی هەرێمی کوردستان “بە توندی” هێرشەکەی مۆسکۆ سەرکۆنە دەکات

سەڵاح

لە هەولێر بۆ ئەمساڵى خوێندن ( 19 ) قوتابخانەى نوێ بە ڕووى خوێندنى قوتابیان دەکرێتەوە

یاسین

سبەی هەولێر دەچێتە مەدینە

یاسین