ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری

 

لەسەر بابەتی ناردنی تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، کە سەرەڕای بڕیاری دادگای فیدراڵی و هەوڵەکانی وەزارەتمان بۆ چارەسەری کێشەکان و ڕۆڵی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە بەئەرکی خۆی و زیاتریش لەو ڕوەوە هەستاوە ، بەڵام هێشتا کێشەکان بەردەوامن و لەهەوڵی چارەسەرکردنیداین ، سەرەڕای دۆخی هەستیاری فەرمانبەران و مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان کە ماوەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە لێرەو لەوێ هەندێک لێدوان و ڕاگەیەنراوی نابەرپرسیارانە لەسەر مووچە بڵاو دەکرێتەوە بەپێوستمان زانی چەند ڕاستیەک بۆ ڕای گشتی بخەینە ڕوو. ١- بەدرێژایی چەند مانگی ڕابردوو بەبەردەوامی تیمە تەکنیکیەکانمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەسەر هێڵ بوون بۆ چارەسەری کێشە تەکنیکیەکانی لیستی مووچەو بەشی زۆری کێشە هونەریەکانی لیستی مووچە چارەسەر کراوەو لە ئێستاشدا تیمەکانمان لەبەغدان بۆ چارەسەری کێشەی گواستنەوەی پارە لە تەرخانکراوەکانی هەرێم و ڕادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی کانونی یەکەم بەوەزارەتی دارایی عێراق. ٢- سەبارەت بەڕاگەیەنراوی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق کە ئێوارەی ئەمرۆ لەسەر مووچەی هەرێم بڵاوی کردۆتەوە، هەرچەندە جەنابیان لەو ئەرکەیدا نوێیەو چەند ڕۆژێکە دەست بەکاربووە، بەبیریان دێنینەوە کە ئەو بەشێکە لەوەزارەتی دارایی عێراق، پێویست بوو لەوەزارەتەکەی خۆی هەوڵی چارەسەری ئەو کێشانە بدات کە بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دروست کراوەو تا ئێستاش بەردەوامە، ئەو بابەتانەی باسی کردون لە بنەڕەتدا کێشەی دەست کردن و سیاسین کە وەزارەتی دارایی عێراق دروستی کردووە، پێویستە ئەو بەڕێزە سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بێت لە وەزارەتەکەی خۆی نەک لەوەکیلی ئیمەوە قسەبکات، ئەوەی نوێنەرایەتی ئێمە ئەکات تیمەکانمانن کە ئێستا لە بەغدادن نەک بەڕێزیان، ئەوەی قەبارەی کێشەکانی ئێمەی چارەسەرکردووە لە ڕابردودا هەر تیمەکانی ئێمە بوون، لە ڕۆژی دەستبەکاربونی جەنابیانەوە تا ئێستا هەنگاوێکی ئیجابیمان لێ نەبینیوە، ئومێدەوارین بە ئەرکی خۆی هەستێت واتە کاری خۆی لە وەزارەتەکەی جێ بەجێ بکات، هەرێمی کوردستان لە دەستێکی ئەمیندایە ، هەموو ئەو بابەتانەی جەنابیان باسی کردووە ئاگامان لێی نییە، تیمەکانی ئێمە بەبێ ئاگاداری جەنابیان لە بەغدان ، بەهیچ جۆرێک ڕێگەپێدراو نییە بەناوی ئێمەوە قسە بکرێت کە ئێمە کەسمان نەکردووە بە وەکیل، جەنابی نوێنەرایەتی عێراق ئەکات نەک هەرێم ، پێویستە بەشێک بیت لە چارەسەری کێشەکان، ئەوەی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان ئەکات وەزارەتی دارایی هەرێم و حکومەتی هەرێمە ، بۆیە هیوادارین جەنابیان بەئەرکی خۆیان هەستن و دەسەلاتی خۆیان بزانن، نەک بێت لە بری وەزارەتمان قسە بکات ، لەم کاتەدا چاوەڕێمان دەکرد وەزارەتەکەی جەنابیان کۆی تەمویلی مووچەی دوو مانگی بناردایە نەک بێت هەواڵی مووچە بلاوبکاتەوە کە ئەرکی ئەو نییە. ٣- بۆ بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق و هەموو لایەکی دوپات دەکەینەوە، کە هەر هەوال و زانیاری و بابەتێکی فەرمی تایبەت بەمووچە ئەرک و تایبەتمەندی وەزارەتمانەو هەر زانیاری و داتاو هەواڵێکی مووچە لەپێگەی فەرمی و پێگەکانی حکومەتی هەرێم بلاونەبێتەوە جێی متمانە نییەو ڕەتکراوەیە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەرپرس و تاکە لایەنی فەرمییە بۆ مامەڵەکردن لەسەر کات و شێوازی دابەشکردنی مووچەو هتد…..

. وەزارەتی دارایی و ئابوری

. ٢٠٢٤/١٢/٩

هەواڵی پەیوەندیدار

خولە بەهێزەکان.. خشتەی یارییەکانی ئەمڕۆ شەممە

sirwan

شێخ شاباز لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستگیر كرا

سەڵاح

١٢ کەس به تۆمەتی هێرشکردن بۆسەر ریستوڕانتی کەی‌ئێف‌سی دەسگیر کران

سەڵاح