ئەمڕۆ سێشەممە 10ی کانوونی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ بەحرەین، لە شاری مەنامە، لەگەڵ میر سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە، جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەین کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەدا، برەودان بە پەیوەندییەکانی شانشینی بەحرەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی کردنەوەی کونسوڵخانەی بەحرەین لە هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی گەشتی ڕاستەوخۆی مەنامە – هەولێر لە داهاتوودا تاووتوێ کرا.
جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەین، خۆشحاڵيی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ بەحرەین دەربڕی و ئامادەیيی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشان دا.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی بەحرەینی کرد و خواستی پتەوکردنی پەیوەنديی دوولایەنەی لە بوارەکانی جێی بەرژەوەنديی هاوبەش، بە تایبەتی بنیاتنانی ژێرخان و چاکسازيی دارایی و بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دووپات کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، بیروڕا لەبارەی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتيی سووریا و ناوچەکە بە گشتی ئاڵوگۆڕ کرا.

هەواڵی داهاتوو