zagros news agency

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینییەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و هیوای خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك دەخوازم.

جێگەی خۆشحاڵییەكی زۆرە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ئۆكتۆبەری ڕابردوو بە سەركەوتوویی ئەنجام درا و لەم هەڵبژاردنەدا گەلی كوردستان پەیام و ویستی خۆی بەڕوونی گەیاند. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش دەبێ وەڵامی دەنگ و داواكاریی خەڵكی كوردستان بدرێتەوە، ئەویش لەڕێگەی پێكهێنانی هەرچی زووتری كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم پلان و بەرنامەكانی بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكات.
جەختیش لەوە دەكەینەوە پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێككەوتنەكان و لەڕێگەی دیالۆگ و هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەكانی نێوان هەردوولا چارەسەر بكرێن و چیتر كۆسپ و تەگەرە بۆ مافەكانی خەڵكی كوردستان دروست نەكرێن.

لەكاتێكدا بەرەو دەستپێكی ساڵی تازە دەڕۆین كە ناوچەكەمان بە بارودۆخی هەستیاردا تێدەپەڕێت. ڕووداو و گۆڕانكارییەكانی سووریا لەگەڵ ئەوەی كاریگەریی لەسەر بارودۆخی ناوچەكەمان و هاوكێشەكان دادەنێت لەهەمانكاتیشدا دەرفەتێكی تازەیە بۆ گەلانی سووریا كە لە ڕێگەی دیالۆگ و لەیەكتێگەیشتندا بنەمایەكی پتەو بۆ پێكەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیریی بنیات بنێن. ناوچەكەمان چیتر بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری ناگرێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەك پشت بە زمانی دیالۆگ و لەیەكترتێگەیشتن ببەستن و لە نكۆلیكاری و دەمارگیریی نەتەوەیی و ئایینی دوور بكەونەوە. دەبێ هەموو لایەك بزانن خۆسەپاندن ئەنجامی نابێت.

هیوادارین لەساڵی تازەدا ئاشتی و پێكەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت. لە خودای گەورە داواكارم گەلەكەمان لە هەموو جۆرە نەخۆشی و نەهامەتی و كارەسات بەدوور بێت.

مسعود بارزانی
31ی كانوونی یەكەمی 2024

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە بۆنەی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان

یاسین

ئەمریکا لە هەوڵەکان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە رۆژئاوای کوردستان نیگەرانە

سەڵاح

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان : چارەسەرکردنی پرسەکان ئاراستەیەکی دروستیان وەرگرتووە و چاوەڕوانی ئەنجامی ئەرێنی دەکەین

یاسین