فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆسی سویسرا گوتی پێشبینی دەکات هێزەکانی ئەمەریکا لە ژێر دەسەڵاتی ترەمپ لە عێراق بمێننەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی “بارودۆخی تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا جیاوازە بە بەراورد بە سەردەمی یەکەم ئیدارەی ترەمپ، ئێمە ڕووبەڕووی تەحەدایەکی نوێ دەبینەوە و هەست دەکەم بوونی ئەوان (ئەمەریکا) لەم ناوچەیەدا بەردەوام دەبێت.”
ئاماژەی بەوەشکرد کە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ستراتیژی ئەمنی کە هەردوولا ئیمزا دەکەن بەڕێوەدەچێت و گفتوگۆکان لەسەر ئایندەی ئەو پەیوەندییانە بەردەوامە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئێران، فوئاد حوسێن جەختی لەوە کردەوە کە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بارودۆخی عێراق هەبووە و گوتی: “ئێمە نیگەرانین لەو گرژیانە و هیوادارین هەردوو وڵات ڕێچکەی نوێ بگرنەبەر.”
ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق و نزیکەی 900 سەربازی لە سوریا هەیە وەک بەشێک لەو هاوپەیمانێتییەی کە لە ساڵی 2014 بۆ شەڕی داعش پێکهێنا.