چاودێرێكی سیاسی لهشاری سلێمانی ئاماژه بهوه دهكات كه کاتێک بە ڕەهایی خۆت بە ڕاست دەزانیت و ئینکاری دەکەیت لەسەر بیر و بۆچوونەکانت و تەنیا باوەڕی خۆت بە ڕەوا دەزانیت، دەگەیت بە توندڕەوی، توندڕەوییش باجەکەی قورسە.
بڵند شاویس بۆ ئاژانسی زاگرۆس گوتی: “لە ڕابردوودا ئەو سیاسەتەی بەڕێز عهبدوڵا ئۆجهلان و پەكەكە پەیڕەویان دەکرد بە شێوەیەک بوو تەنیا خۆیان بە پارێزەری گەلی کورد و داکۆکیکەری خاکی کوردستان دەزانی، نەک تەنیا بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا کە وەک دوژمن تەماشا دەکرا، بەڵکوو بەرامبەر هێز و لایەنە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش تابلۆ سیاسییەکەیان وا وێنا کردبوو کە ڕاستییەکان تەنیا لای ئەوان بێت، لە بۆچوونە سیاسییەکانیاندا ئەوەندە توند بوون تا ئەو ڕادەیەی تەنانەت مۆرکی خیانەتیشیان دەدایە پاڵ هەر کەس و لایەنێک بۆچوونی جیاوازیان هەبوایە یان باسیان لە چارەسەری ئاشتییانە بکردایە لە گەڵ دەوڵەتی تورکیا.
گوتیشی: “بەداخەوە ئەم سیاسەتە نالۆژیکییە زیانی زۆری بە کورد و خودی پەكەكە و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لە باکوور گەیاند. هیوادارین بەڕێز عهبدوڵا ئۆجهلان و سەرکردایەتیی پەكەكە لە دوای ئەو ماوە زۆرەی زیندان و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە لە کۆنگرەی دوانزەی پەكەكە و ئەو هەموو قوربانییەی کە درا، خوێندنەوەیەکی دروست و لۆژیکییانەیان بۆ دۆخی جیهان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە هەبێت، ئاواتەخوازین هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە دەرئەنجامی لێکدانەوەی ورد و زامنکردنی ئەو دەستکەوتانە بێت کە لە پرۆسەی ئاشتی و ئەجندای دانوستانی نێوان کوردانی باکوور و دەوڵەتی تورکیا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
ئهوهشی خستهروو: چەند بزاڤی چەکداری زەحمەت بوو و قوربانیی دەویست، ڕەنگە دانوستان و بەرقەرارکردنی ئاشتی قورستر و قوربانیی زیاتری بوێت. هەڵسەنگاندنی بابەتیانەی دەوێت بۆ پێگە و تواناکانی خۆیان و دەوڵەتی تورکیا، ئەم قۆناغە نوێیە پێویستی بە پشوودرێژی و نەرمونیانی هەیە، پێویستی بە دیدگا و دنیابینین و سروشتی جیاواز لە ڕابردوو هەیە.

