ئەمڕۆ دووشەممە 15ی ئەیلوولی 2025 سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتیی ئاشووریی نیشتەجێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی سام دەرمۆ سەرۆکی دامەزراوەی ئاشوورییەکان لەپێناو دادوەریدا کرد.
لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندیی دێرینی نێوان ئاشوورییەکان و گەلی کوردستان کرا و سەرۆک بارزانی دڵنیایی دا کە کۆمەڵگەی ئاشووری و تەواوی پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان خەڵکی رەسەنی ئەو وڵاتەن و چارەنووسیان بەیەکەوە بەستراوە. هەم لە ڕابردوودا و هەمیش لە داهاتوودا بەیەکەوە و بە ئازادی و سەرفرازی دەژین.
سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە تەواوی دامودەزگاکان لە هەرێمی کوردستان هاوکار و پاڵپشت دەبن بۆ تەواوی ئەو ئاوارانەی کە دەربەردەربوونە و ئێستا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و دەبێ هەست بە هەبوون و مانەوە و ئاشتی و سەقامگیری و داهاتووی پڕشنگداری خۆیان بکەن لە هەرێمی کوردستان.
لای خۆیانەوە شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە دیداری سەرۆک بارزانی و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان دا و ئاماژەیان بەوە دا کە ئێستا هەست بە خۆشحاڵییەکی زۆر دەکەن کە لە وڵاتی خۆیان و لەنێو کەسوکاری خۆیاندان و خۆیان بە جیا لە خەڵکی هەرێمی کوردستان نازانن.
بارودۆخ و دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.


