zagros news agency

‎كۆنگرێسی ئەمەریکا: دەبێت عێراق ڕێز لە سەقامگیری هەرێمی کوردستان بگرێت

کۆنگرێسمانێکی کۆمارییەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سوپاسی ترەمپ و نێردە تایبەتەکەی بۆ عێراق ‘مارک ساڤایا’ دەکەم، کە گوتی، دەیەوێت “عێراق مەزن بکاتەوە”، هەروەها بۆ عێراقی ڕوونکردۆتەوە کە بەردەوامبوون لەسەر پاڵپشتیکردنی میلیشیاکان چیتر قبوڵ ناکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـ12-2025، جۆو ویڵسن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی، “عێراق دەرفەتی گەشەسەندنی هەیە ئەگەر ڕەفتارەکانی بگۆڕێت”، کۆنگرێس ئامادەیە بۆ پاڵپشتیکردنی سەرۆک ترەمپ لە ڕێگەی بڕگە نوێیەکانی یاسای ڕێپێدانی بەرگری نیشتمانی کە هاوکارییەکان بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق مەرجدار دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆنگرێسی ئەمەریکا لە ڕێگەی یاسای ڕێپێدانی بەرگری نیشتمانیەوە، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا مەرجی داناوە بۆ هاوکارییە ئەمنییەکانی عێراق، بەپێی یاسا نوێیەکان، عێراق دەبێت هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ ڕاگرتنی پاڵپشتی میلیشیاکان، ئەگەرنا هاوکارییەکان دەبڕدرێن، هەروەها جەخت کراوەتەوە کە ڕێگری دەکرێت لەوەی پارەی باجدەرانی ئەمەریکی بچێتە گیرفانی ڕێکخراوی بەدر و میلیشیاکانی دیکە.

جۆو ویڵسن باسی لەوەشکردووە، چەندین جار گوتوومە عێراق کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی ئێرانەوە، کە ئەو هێزە سەربازییەکانی بەرێوەدەبات، خۆی لە ژمارەیەک رێکخراوی وەک ‘کەتائیبی حزبوڵڵا، عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی ئیمام عەلی’ لەخۆدەگرێت، دەشڵێت، هێزەکانی پۆلیس لەلایەن ڕێکخراوی بەدرەوە کۆنترۆڵکراوە و سیستەمی سیاسی بەتەواوەتی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی و میلیشیاکانی دیکەی دەر بەئێرانەوە کۆنترۆڵکراوە.

ئەو گۆنگرێسمانە ڕاشیگەیاند، کۆنگرێس بەردەوام نابێت لە پێدانی پارەی بێ مەرج بۆ تاهەتایە، دەبێت عێراق دەرفەتەکە بۆ  ترەمپ و نێردەی تایبەت ساڤایا بقۆزێتەوە و ڕەفتارەکانی بگۆڕێت پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت.

ئەو مەرجانەی کۆنگرێس بۆ حکوومەتی عێراقی داناوە بریتییە لە:-

1-کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە پارەدارکردنی میلیشاکانی ئێران بهێنرێت وەک ‘هێزەکانی حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی دیکەی سەر بە ئێران’ لە ڕێگەی بودجەی فیدراڵی عێراق و بانکی ناوەندی یان لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتەوە، دەبێت هەموو سپیکردنەوەی پارە و گواستنەوەی پارە بۆ ئێران و میلیشیاکانی کۆتایی پێبێت. پێویستە وردبینی نێودەوڵەتی بۆ هەموو فرۆشتنەکانی نەوت و بەرهەمە سووتەمەنییەکان لە ناوخۆ و دەرەوە و هەموو ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بە نەوتەوە بکرێت، لەوانە وەزارەتی گواستنەوە، وەزارەتی نەوت، و وەزارەتی پیشەسازی و ڕێکخراوە وابەستەکان.

2-پێویستە هەنگاوی ڕاستەقینە بنرێت بۆ چەککردنی هەموو میلیشیاکانی سەر بە ئێران.

3-حکوومەت، دادوەری، سوپا و پۆلیسی عێراق دەبێت بڕیاری سەروەری لە بری گەلەکەیان بدەن نەک گوێڕایەڵی فەرمانەکانی ئێران و میلیشیاکان بن.

4-دەبێت عێراق ڕێز لە ئاسایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگرێت و ڕێگە بە میلیشیاکانی سەر بە ئێران نەدات یان هانیان نەدات بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار

چوار سەربازی ئیسرائیل کوژران و ئەفسەرێک و سەربازێکی دیکە بەسەختی برینداربوون

سەڵاح

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان دەكات

دڵشاد

سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەبارەی تیرۆركردنی پەرلەمانتارێك و خێزانەكەی هاتە دەنگ

سەڵاح