zagros news agency

هۆشیار سیوەیلی: ساڵی 2025 ساڵی گه‌شه‌ی دیپۆماسی كوردستان بوو و ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ی تێدابوو بۆ كوردستان

 

به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٥دا توانی پێگەی خۆی بەشیوەیەکی بەرچاو لە جیهاندا بەرزبکاتەوە لە ڕێگەی سیاسەتێکی دەرەوەی چالاک و فرەلایەن و دەسپێشخەرییە ستراتیژییە ئابوورییەکان و قوڵکردنەوەی هاوبەشییەکان لەگەڵ هاوبەش و دۆستەکانمان لە جیهاندا.

 

هۆشیار سیوه‌یلی بۆ ئاژانسی زاگرۆس ده‌نووسێت: لەسەرەتای ساڵدا بەشداری بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس، سەرەتایەکی گرینگ بوو بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بە تایبەتی یەکەمجار بوو بەوە شێوەیە و لە (ماڵی کوردستان)ەوە هەرێم وەک شوێنێکی گرینگ بۆ وەبەرهێنان بخرێتەڕوو، ئەمە جگە لەو چاوپێکەوتن و کۆبوونەوانەی سەرۆکی حکوومەت لەو ماوەیەدا ئەنجامی دان. دەسکەوتێکی تری گرینگ لەم ساڵەدا سەردانی سەرۆکی حکوومەت بوو کە چاوی بە گەورە بەرپرسانی ئەمریکا کەوت و سەرپەرشتی ئیمزاکردنی دوو گرێبەستی گرینگی بەرهەنهێنانی غازی سروشتیکرد لەگەڵ کۆمپانیاکانی هێچ کەی ئێن و گەنەڵ ئینێرجی، لە مانگی ئەیلوولدا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی مینای جەیهان دوای سی مانگ ڕاوەستان دەستیپێکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی تریش گوشاری ڕاستەوخۆیان خستبووە سەر عێراق تا بڕیاری هەناردەکردنەکە بدات.

پێشی وایه‌: کردنەوەی باڵاخانەی کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ یەکێک بوو لە دەسکەوتە سیاسی و دیپلۆماسییە هەرە گرینگەکانی ساڵی ٢٠٢٥، ئەم کونسوڵخانەیە گەورەترینە لەسەر ئاستی جیهان و نیشانەی پتەوی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانە. مایک ڕیگاس، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە باڵاخانەکەی کردەوە لە وتارەکەیدا بە ڕوونی باسی گرینگی و بایەخی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی، ویلاتە یەکگرتووەکان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات وەک پایەیەکی گرینگ بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراق و کردنەوەی باڵاخانەکە هێمای گرینگی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانە. لە مانگی ئەیلوولدا شاندێکی گرینگی ئابووری ئەمریکی کە نوێنەرانی کۆمپانیا گەورەکانی وەک گۆگڵ و ئای بی ئێم و ڤیزە و کۆکا کۆلا و پێپسی کۆلای تێدابوو سەردانی هەولێریان کرد. لە مانگی تشرینی دووەمدا شاندێکی تری ئابووری سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد.

ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌روو: چالاکیییەکی تری سیاسی و دیپلۆماسی کە مایەی بایەخدانێکی زۆربوو، کۆربەندی ئاشتی و ئاسایشی دهۆک بوو کە سەکۆیەکی گرینگە بۆ گۆڕینەوەی سەرنج و بیروڕا لەسەر ئاسایش و ئاشتی لە هەرێم و عێراق و هەموو ناوچەکە. دوو ڕووداوی تری گرینگ لە ڕووی دیپلۆماسییەوە ساڵی ٢٠٢٥ لە ساڵەکانی تر جیادەکاتەوە کە ئەویش دانانی بەرێز د. بەرهەم ساڵحە وەک کۆمسیاری (UNHCR) و دانانی باڵوێز سەیوان بارزانییە وەک نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکان لە جنیڤ. یەکەمجارە دیپلۆماتێک لە هەرێمی کوردستان بگاتە ئەو پێگە گرنگانە.

سیوه‌یلی زیاتر ده‌خاته‌روو: نوێنەرایەتییەکانی دەوڵەتان لە هەرێمی کوردستان چالاک و ڕۆڵی گەروەیان هەیە لە پتەوکردنی پەیونەدییەکانی نێوان هەرێم و ئەو وڵاتانە، بەهەمان شێوە نوێنەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە باشترکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییە دوو قۆڵییەکان، ئێستا لە هەرێمی کوردستان ٤٠ نوێنەرایەتی بیانی هەیە و هەرێمیش لەدەرەوە جاندین نوێنەرایەتی لە پایتەختە گرینگەکان هەیە. سەردانی باڵوێزەکانی وڵاتان بۆ هەوڵیر بەردەوامە و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی تری هەرێم باسی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنیان دەکەن.

ده‌شلێت: “وەک پارتی دیموکراتی کوردستانیش مەکتەبی پەیوەندییەکان و بەرپرسانی تری پارتی بەردەوامن لە دامەزراندنی پەیوەندی نوێ و بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانەی کە هەن. نوێنەرانی مەکتەبی پەیوەندییەکان ساڵانە و بەردەوام لە کۆنفرانسەکانی یەکێتی دیموکراسی نێودەوڵەتی و سۆشیالیست ئینتەرناشنال و ڕێکخراوی پارتەکانی ئاسیا و لیبراڵ ئینتەرناشنال و کۆربەندی ئاسایشی وارشۆ ئامادە دەبن و وتاری پارتی دەخوێننەوە.. ئامادەبوونی نوێنەرانی پارتیمان لە کۆربەند و کۆنفرانسەکان فراوانتر بووە و دیدار و کۆبوونەوەکان لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتان لە هەولێر بەردەوامە.

هەواڵی پەیوەندیدار

تەندروستی غەززە هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکی مەترسیدار دەدات

سەڵاح

هه‌وڵه‌كانى حه‌لبووسى بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان شكست ده‌هێنێت

سەڵاح

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان

سەڵاح