ئەمڕۆ سێشەممە 2026.1.13، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، بە ئامادەبوونی سەفین یاسین، سەرۆكی یانەی هەولێر و د.نیاز تاهیر، بەرێوەبەری نووسینگەی پارێزگار و ڕۆژگار مەحموود، بەڕێوەبەری وەرزشی هەولێر، پێشوازیی لە شاندێکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی یانەی وەرزشی ( ئامەد سپۆ ) بە سەرۆکایەتی ” ناهید ئەرەن ” سەرۆکی یانەکەکرد.
لە دیدارەكەدا، دوای ئەوەی شاندی میوان، کورتەیەکیان لە دەربارەی یانەکە و کار و چالاکییەکانیان باسكرد، کە یەکێکە لە یانە وەرزشییە پێشەنگەکان لە وڵاتی تورکیا. پارێزگاری هەولێر، وێڕای بەخێرهێنانیان بۆ شاری هەولێر، ئومێدی خواست ئەو ماوەیەی كە لە هەولێری پایتەختن بەخۆشی بەسەر ببەن و تیشكی خستەسەر ڕۆڵی گرنگی یانەكەیان و دەستخۆشیی لە سەرۆك و ئەندامانی دەستەی كارگێڕی یانەكە کرد بۆ ئەو دەستكەوتانەی بەدەستیان هێناوە و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتری بۆ خواستن و پشتیوانیی خۆی بۆ بزاڤی وەرزشی و وەرزشوانان دووپات کردەوە.
پاشان ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگیی وەرزش و وەرزشواناندا و جەختی لە پتەوكردنی پەیوەندی یانەكەیان لەگەڵ یانەی وەرزشی هەولێر ، کە خاوەن مێژوویەکى پڕشنگدار و ناوێکى بەرزە كردەوە و بۆ ئەو مەبەستەش تەواوى پاڵپشتیى و هاوکارى پارێزگای هەولێری نیشاندا.
لە كۆتایدا، شاندی میوان وێرای ئەوەی سوپاسى پارێزگارى هەولێریان بۆ پێشوازیەكەی و پشتیوانیکردنی لە بواری وەرزشیی و وەرزشوانانی هەولێر و پێشخستنی لە هەموو بوارەکاندا، تەئكیدیان لە گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ یانەی هەولێری پایتەخت و سەرجەم یانەكانی تری هەرێمی كوردستان كردەوە.

