مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی قووڵی خۆی بۆ رووداوی تەقەکردن لە ئاهەنگی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە واشنتن دەربڕی و رایگەیاند کە توندوتیژی سیاسی بە هیچ شێوەیەک لە ژیانی گشتیدا قبووڵکراو نییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” ، کاردانەوەی بەرانبەر ئەو هێرشە نیشاندا کە شەوی رابردوو لە واشنتن، لە ئاهەنگی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی روویدا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: “من زۆر نیگەرانم لە رووداوی تەقەکردنەکە لە ئاهەنگی ژەمی ئێوارەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە واشنتن.”
مەسرور بارزانی هاوکات خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە رووداوەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و رایگەیاند، “دڵخۆشم کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، خانمی یەکەم، جێگری سەرۆک، ئەندامانی کابینەکە، رۆژنامەنووسان و میوانەکان سەلامەتن و هیچ زیانێکیان پێ نەگەیشتووە.”
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی بە توندی سەرکۆنەی پەنابردن بۆ توندوتیژی کرد و جەختی کردەوە کە: “توندوتیژی هیچ شوێنێکی لە ژیانی گشتیدا نییە.”

