دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بڕیاریدا پاداشتی دارایی ببەخشێتە هەر کەسێک کە زانیاری ورد و بەبەڵگە لەسەر بوونی گەندەڵی و سەرپێچییە یاساییەکان لە دامەزراوەکانی حکومەتدا ئاشکرا بکات.
هاژە عمر، بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە دەستەی دەسپاکی ڕایگەیاند؛ بڕیاریانداوە بە مەبەستی هاندانی هاووڵاتییان و فەرمانبەران، هەر کەسێک (چ لە کەرتی گشتی بێت یاخود کەسی مەدەنی) زانیارییان پێبدات لەسەر هەر کارێکی نایاسایی، گەندەڵی، یان بەهەدەردانی سامانی گشتی، لە لایەن دەستەی دەسپاکی پاداشتێکی دارایی شایستە دەکرێت.
بەپێی بڕیارەکە، مەرجی سەرەکی بۆ وەرگرتنی پاداشتەکە ئەوەیە کە ئەو زانیارییانەی پێشکەش دەکرێن، دەبێت “بەبەڵگەوە” بن و لەسەر هەر فەرمانبەر یان بەرپرسێک بن لە هەر پلە و پۆستێکی وەزیفیدا بن، بەبێ جیاوازی.
ئەم هەنگاوەی دەستەی دەسپاکی وەک هەوڵێکە بۆ:
بنبڕکردنی گەندەڵی و نەهێشتنی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات.
پاراستنی سامانی گشتی و گەڕاندنەوەی پارە بەهەدەرچووەکان بۆ گەنجینەی هەرێمی کوردستان.
دەستەی دەسپاکی چوار ڕێگەی خێرا و پارێزراوی بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیارییەکان دیاری کردووە، تاوەکو هاووڵاتییان بەبێ ترس و بە شێوەیەکی نهێنی زانیارییەکانیان بگەیەنن:
١. سندوقی سکاڵا لە بارەگای دەستەی دەسپاکی.
٢. ئیمەیڵی فەرمی: [email protected]
٣. ئیمەیڵی نووسینگە: [email protected]
٤. هێڵی گەرمی ژمارە: 1015
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ چاکسازیی کارگێڕی و دارایی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامییان هەیە و دەستەی دەسپاکی دەیەوێت لە ڕێگەی هاوبەشیپێکردنی خەڵک و فەرمانبەران، ئاستی شەفافیەت لە دامەزراوەکاندا بەرز بکاتەوە.

