بەپێی نوێترین ئاماری ماڵپەڕی ترانسفێرمارکت، دیێگۆ سیمیۆنی، ڕاهێنەری ئەرجەنتینیی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید، لە پێشەنگی ئەو ڕاهێنەرانەدایە کە لە مێژووی کاروانی ڕاهێنەرایەتییاندا زۆرترین داهاتیان لە فرۆشتنی یاریزانان بەدەستهێناوە.
لەو چوارچێوەیەدا، بەهای ئەو یاریزانانەی لە ژێر دەستی سیمیۆنیدا یانەکانیان جێهێشتووە، لە ڕێگەی فرۆشتنی ١٢٠ یاریزانەوە گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن یۆرۆ. ئەم پێشەنگایەتییە دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامیی ناوبراو لە پۆستی ڕاهێنەرایەتیی ئەتلەتیکۆ مەدرید لە ساڵی ٢٠١١ـەوە، کە تێیدا لە ٧٩٤ یاریدا سەرکردایەتیی تیپەکەی کردووە و هەشت نازناوی جۆراوجۆریشی بەدەستهێناوە.
لە هەمان ڕیزبەندا، ئونای ئیمریی ئیسپانی بە کۆکردنەوەی یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن یۆرۆ لە فرۆشتنی ١١٢ یاریزان لە پلەی دووەمدا دێت، لە کاتێکدا پیپ گواردیۆلا بە فرۆشتنی ١٠٣ یاریزان و بە کۆکردنەوەی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆ پلەی سێیەمی گرتووە.

