لەسەر یاریگای سەلهێرست پارک و لەنێو جەماوەر و هاندەری خۆی یانەی کریستاڵ پاڵاس پێشوازی لەیانەی مانچێستەر یونایتد کرد لەیاریەکی پڕ ڕکابەری و سەرسەختانەدا مان یونایتد بەزەحمەت توانی کریستاڵ پاڵاس تووشی شکست بکات.
گێمی یەکەمی یاریەکە هەردوو تیپ هەوڵی زۆریاندا تاکو گۆڵ تۆمار بکەن تائەوەی ناوبژیوان لەخولەکی 36 دوای هەڵەیەکی بەرگری مان یونایتد لێدانێکی سزای بۆ کرسیتاڵ پاڵاس هەژمار کرد و (فلیپ ماتێتا)ش توانی گۆڵی یەکەمی کریستاڵ پاڵاس تۆمار بکات و گێمی یەکەم بەو گۆڵە کۆتایی هات.
لەگێمی دووەمی یاریەکەدا مان یونایتد جیاوازتر خۆی پیشاندا و لە خولەکی 54 (جۆشوا زیرکزی) گۆڵی یەکەمین و یەکسانی شەیتانە سوورەکانی تۆمار کرد و دوای ئەو گۆڵەش (ماسن ماونت) لە خولەکی 63 جارێکی دیکە تۆڕی گۆڵی پاڵاسی هەژاند و گۆڵی دووەمی مان یونایتدی تۆمار کرد
سەر ئەنجام یاریەکە بە 2-1 لەبەرژەوەندی مانچێستەر یونایتد کۆتایی هات و کریستاڵ پاڵاس تووشی یەکەم شکست بوو لەم وەرزەدا لەنێو یاریگای خۆی.
بەو ئەنجامەش مانچێستەر یونایتد کۆی خاڵەکانی گەیاندە 21 خاڵ و هاتە پلەی شەشەمی ڕیزبەندی پریمەرلیگ
هەرچی یانەی کریستاڵ پاڵاسیشە دوای ئەو شکستە دابەزیە پلەی حەوتەمی خولەکە و خاوەنی 20 خاڵە.
“سەرکار ڕێبوار”

