لە دێربی هەفتەی 14ی خولی ئینگلتەرا، یانەی چێڵسی لە یاریگای ستامفۆرد بریج میوانداری ئارسناڵی کرد ،تایمی یەکەم هەردوولا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتن و یارییەکەی چڕ و ئاڵۆز بیندرا، تەنیا لەو تایمەدا ناوبژیوان چوار کارتی زەردی بە رووی یاریزانانی ئارسناڵ بەرزکردەوە.
لە بەرامبەردا کارتێکی زەردی بەرووی یاریزانی چێڵسی و کارتێکی سوری بەرووی مۆیسیس کایسیدۆی ناوەراستکاری بلوز بەرزکردەوە و لە خولەکی 38 کردیە دەرەوەی یاریگا، نیوەی یەکەمیش بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
لە تایمی دووەم، چێڵسی هەر زوو زەبری خۆی وەشاند و لە خولەکی 48 چالۆبا بە لێدانی سەر گۆڵی پێشکەوتنی یانەکەی تۆمارکرد، بەڵام خۆشییەکانیان 10 خولەکی خایاند و میکیل میرینۆ ئەنجامەکەی بۆ گەنەرز یەکسانکردەوە.
ئارسناڵ کۆنترۆڵی یاریگای گرتە دەست و چەند هەلێکی مەترسیداری رەخسان، بەڵام هیچیان نەبوون بە گۆڵ و چێڵسی پارێزگاری لە تۆڕی گۆڵەکەی کرد.
سەرەنجام یارییەکە بە یەکسانی و بە گۆڵێک بۆ هەردوولا کۆتاییهات، بەم ئەنجامە ئارسناڵ خاڵەکانی بۆ 30 خاڵ بەرزبوونەوە و لە پێشەنگی ریزبەندییە، چێڵسیش بە 24 خاڵ پلەی سێیەمی گرتووە.

