لە گەڕی 12ی خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی هەولێری پێشەنگی خولەکە لەبەردەم هاندەرانی خۆی میوانداری یانەی دهۆکی کرد و کلاسیکۆی کوردستانیان ئەنجامدا،کە دوای یاریەکی پڕ گڕ و تین هەولێر سەرکەشانە توانی بردنەوە بەدەست بێنـێـت.
گێمی یەکەمی یاریەکە خاوێن مایەوە و هیچ لایکیان نەیانتوانی گۆڵ تۆمار بکەن،بەڵام گێمی دووەم جیاواز بوو،کاتێک هەولێر لەڕێگەی موستەفا قابیلەوە بە سوود وەرگرتن لەهەڵەی بەرگری دهۆک توانی گۆڵی یەکەم لەخولەکی 47 تۆمار بکات
دوای ئەو گۆڵە دهۆک کەوتە هێرشبردن تائەوەی لەخولەکی 85 یوسف بن سۆدە بە کەللە سەرێک تۆڕی گۆڵی هەولێری هەژاند و گۆڵی بەرامبەری بۆ دهۆک تۆمار کرد.
دوای گۆڵی بەرامبەری دهۆک،هەولێر لێدانێکی ڕاستەوخۆی بۆ هەژمار کرا و بە ئەسیستی موعتەز زاددم،گەیلان لوقمان توانی گۆڵی دووەمی هەولێر تۆمار بکات و سەرئەنجام یاریەکە بە سەرکەوتنی هەولێر بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک کۆتایی هات.
بەو ئەنجامە یانەی هەولێر ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 30 خاڵ لەڕیزبەندی یەکەمینی خولەکە زیاتر خۆی جێگیر کردوە و یانەی دهۆکیش دوای چوار سەرکەوتن یەکەم یاری شکستی هێنا،ژمارەی خاڵەکانیشی لە 17 خاڵ مایەوە و پلەی نۆیەمی ڕیزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە.
“سەرکار ڕێبوار”

