توێژەرانی پەیمانگەی مایکڕۆ و نانۆتەکنەلۆژیا لە ئیسپانیا (IMN-CNM, CSIC) سەرکەوتوو بوون لە دروستکردنی نانۆمادەیەکی پۆلیمەری کە دەتوانێت لە ڕێگەی تیشکی خۆرەوە بە بێ بەکارهێنانی هیچ وزەیەکی کارەبا، گەرمی بۆ بۆشایی ئاسمان بگوێزێتەوە. ئەم داهێنانە نوێیە دەتوانێت پێداویستیی بەکارهێنانی ئامێرەکانی ساردکەرەوە (سپلیت و کۆڵەر) لە بینا، ئۆتۆمبێل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە، کە لە ئێستادا نزیکەی ۲۰٪ی تەواوی کارەبای جیهان بۆ ساردکردنەوە بەکاردێت.
• میکانیزمی کارکردنی مادەکە:
o ئەم توێژینەوەیە کە لە گۆڤاری زانستیی (Nanophotonics) بڵاوکراوەتەوە، لەسەر بنەمای “ساردکردنەوەی تیشکدەری ناچالاک” (Radiative Cooling) کار دەکات.
o مادەکە سوود لە ڕۆچنەیەکی تایبەتی بەرگەهەوای زەوی وەردەگرێت لە شەپۆلی فرۆسور (Infrared) لە نێوان ۸ تا ۱۳ میکرۆمەتردا، کە تێیدا گەرمی ڕاستەوخۆ بەرەو بۆشایی ئاسمان دەرپەڕێت و دەربازی دەبێت.
• تایبەتمەندییەکانی پۆلیمەری PVDF:
o زانایان پشتیان بە مادەی (Polyvinylidene Fluoride) بەستووە. کریستینا بیسێنتی، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (COOLed) ڕایگەیاندووە کە ئەم مادەیە جگە لە توانای بەرزی دەرکردنی گەرمی، بەرگرییەکی بەهێزی لە بەرامبەر تیشکی سەروو وەنەوشەیی (UV) هەیە، ئاوپاڵێنە (دژی ئاوە) و تایبەتمەندیی خۆپاککردنەوەی هەیە.
o توێژەران بە دروستکردنی پەیکەرێکی سێ ڕەهەندی لە ناو قالبە نانۆییەکاندا، توانای گواستنەوەی تیشکی مادەکەیان بەشێوەیەکی زۆر ورد بەرزکردووەتەوە.
• ئەنجامە سەرسوڕهێنەرەکانی تاقیکردنەوەکە:
o مادە بەرهەمهێنراوەکە بە تێکڕا ۸۲٫۴٪ی تیشکی خۆر دەداتەوە (ڕەنگدەداتەوە) و ۹۶٫۷٪ی گەرمییەکە لە ڕۆچنەی فرۆسوردا دەردەکاتە دەرەوە.
o لە تاقیکردنەوەی ڕاستەوخۆ لەسەر سەربانی سەنتەری توێژینەوەکە لە شاری مەدرید لە گەرمترین و وشکترین ڕۆژەکانی هاویندا، دەركەوت ئەو ڕووەی بەم مادەیە داپۆشرابوو تا ۱۲٫۹ پلەی سەدی ساردتر بوو لەچاو ئەو ڕووەی کە رووپۆش نەکرابوو.
• داهاتووی تەکنەلۆژیاکە:
o بەپێی وتەی توێژەران، پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئەم نانۆمادەیە بەراورد بە سوودەکانی ڕێژەیییانە هەرزانە و گونجاوە لەگەڵ هێڵە پیشەسازییە باوەکانی ئەمڕۆدا.
o ئەم داهێنانە ڕێگە خۆش دەکات بۆ بەکارهێنانی لە ڕووبەری بیناکان، سقف، ئۆتۆمبێل، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و تەنانەت سیستەمی ساردکردنەوەی کەسی؛ بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ئامێرەکانی تەکییف و کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشەکان.

