ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

حەمەی حەمەسەعید: كار بۆ ناساندنی پۆشاكی كوردی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەكەین

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەرگ و پۆشاك، وەک بەشێک لە کولتووری نەتەوەییمان بەشێکە لە ستراتیژی کارکردنی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، بۆیە كار بۆ پاراستن، گەشەپێدانی و ناساندنی لەئاستی نێودەوڵەتیدا دەكەین.

ئەم وتانەی وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە میانەی ئەو وتارەدا هاتن، كە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، لە دەستپێكی كارەكانی دووەم فێستیڤاڵی شاڵ و شەپك لە كۆرنیشی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەڕێوەچوو.
بە مەبەستی ئامادەبوون لە فێستیڤاڵەكە، شاندێكی باڵای وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، بە سەرۆكایەتی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان و هەریەك لە ئاریان سەلاحەدین، بریكاری وەزارەت، نامق هەورامی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەر و راوێژكارانی وەزارەت سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی كرد .

لە بەرایی سەردانەكەدا، شاندی باڵای وەزارەت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری زاخۆ و بەڕێوەبەرایەتی كتێبخانە گشتییەكانی كرد و لە نزیكەوە یەكە كارگێڕییەكانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری بەسەر كردەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، شاندەكە بەشداریان لە دووەم فێستیڤاڵی شاڵ و شەپك كرد، كە تایبەتە بە نمایشكردن و ناساندنی بەرگ و پۆشاكی كوردی لە سەرجەم ناوچە جیاجیاكانی كوردستان.

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە وتاری دەستپێكی فێستیڤاڵەكە گوتی: “پیرۆزبایی ئەم بۆنە گرنگە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەکەین و بەهەنگاوێکی گرنگی دەزانین بۆ ئاشناکردنی نەوەی نوێ بەجۆرو شێوازەکانی بەرگو پۆشاكی کوردی و هاندانیان تا ئەم پۆشاكە جوان و ڕازاوەیە بپۆشن”.

گوتیشی: “بەرگ و پۆشاك، وەک بەشێک لەکولتووری نەتەوەییمان بەشێکە لە ستراتیژی کارکردنی وەزارەتی رۆشنبیری بۆ پاراستن و گەشەپێدانی و ناساندنی لەئاستی نێودەوڵەتیدا”.

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، سەرنجی بۆ ئەوە راكێشا، كە “دەوڵەمەندی و جیاوازی بەرگ و شاڵ و شەپکی کوردی بەپێی ناوچە جیاوازەکان، لەهەورامانەوە بۆ زاخۆ، نیشانەی دەوڵەمەندی کولتووری گەلی کوردە و دەبێت ئەم دەوڵەمەندییە بپارێزین و گەشەی پێ بدەین”.

لە كۆتایی وتارەكەیدا، پشتیوانی وەزارەتی بۆ فێستیڤاڵەكە دووپاتكردەوە و گوتی: “خوازیارین ئەم فێستیڤاڵە ببێتە نەریتێکی ساڵانە لەسەر ئاستی هەموو پارچەکانی کوردستان و کوردانی کۆمارەکانی سۆڤیەتی پێشوو، بۆ ئەوەی زیاتر بە بەرگ و پۆشاكی جیاوازی کوردی ئاشنابین”.

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی “The Fall Guy” لە سینەماکاندا

ART

داهاتی بەشی چوارەمی “Kung Fu Panda” زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلارە

ART

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى چه‌ند نامه‌يه‌كى پيرۆزبايى پێده‌گات

سەڵاح