ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

حاكم شێخ لەتیف: دەبێ سەركۆماری عێراق هەڵوێستی بەرامبەر بە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی هەبێت

دادوەرێكی سنووری سلێمانی ئاشكرای دەكات، كە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بۆ راگرتنی ڕێكارەكانی دەرچواندن و جێبەجێكردنی هەرسێ یاسای (هەمواری باری کەسێتی، لێبوردنی گشتی و گەڕاندندەوەی زەوی و موڵک بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان) سەرپێچیی یاسا و دەستوورە و بە پێویستی زانیوە، سەركۆماری عێراق هەڵوێستی هەبێت.

 

لەتیف مستەفا، ناسراو بە (حاكم شێخ لەتیف)، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسینێكی بە ناونیشانی (دادگای فیدڕاڵی و بڕیارێكی نادەستووری) بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە: «دادگای فیدراڵی (فەرمانی ولائی ژمارە ۳ وموحداته ٤ و ٨ و ٩ و ٢١ اتحادية /امر ولائي / ٢٠٢٥) دەرکرد، بە وەستاندنی جێبەجێکردنی هەرسێ یاسای (باری کەسی و لیبوردنی گشتی و گەڕاندنەوەی زەوی و موڵک بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان بە بیانووی ئەوەی ئەو یاسایانە سکاڵا، یان دەعوای نادەستووری بوونیان لەسەر تۆمار کراوە، ئەم فەرمانەی دادگا لە چەند روویەکەوە سەرپێچی یاسا و دەستووریشە.

 

۱ـ دەستووری عێراق مافی وەستاندنی جێبەجێکردنی یاسای نەداوە بە دادگای فیدراڵی، بە بیانووی ئەوەی یاساکە پێچەوانەی دەستوورە، بەپێچەوانەوە، یاسایەک پێچەوانەی دەستووریش بێت، دەبێت جێبەجێ بکرێت، تا ئەو رۆژەی دادگا بە بڕیارێک هەمووی یان ئەو دەقانەی پێچەوانەی دەستوورن هەڵدەوەشێنێتەوە. لە عێراقیش و لە وڵاتانی دیکەیش چەندین یاسا هەبوون و کاریان پێ کراوە تا داوایان لەسەر تۆمار کراوە و لەلایەن دادگاوە هەڵوەشێنراونەتەوە.

 

۲ـ شێوازی چاودێریی دەستووری بوونی یاساکان لە عێراق وەک زۆربەی وڵاتانی دنیا شێوازی چاودێریی پاش دەرچوونی یاساکەیە، واتە دەبێ یاساکە هەموو قۆناغەکان ببڕێت، کە بریتین لە دەنگدان لەسەری لە پەرلەمان و دەرچواندنی لە سەرۆکی کۆمار و بڵاوکردنەوەی، ئینجا وەک یاسایەک دەکرێ داوای لەسەر تۆمار بکرێت لەسەر ئەوەی، کە پێچەوانەی دەستوور، بەڵام پێش ئەوە ناکرێ داوا لەسەر یاساکە تۆمار بکرێ، چونکە نەبووە بە یاسا، ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە و هەڵگەڕانەوەیە لە دەستوور و جۆری چاودێرییەکە دەکات بە چاودێریی پێش دەرچوونی یاسا، کە دەستوور ئەو دەسەڵاتەی نەداوە بە دادگا.

 

۳ـ ئەم جۆرە داوایانە، واتە دەعوای چاودێریی دەستووریەتی یاساکان شموولی فەرمانی وەلائی ناکەن، چونکە سیفەتی (ئیستیعجال)یان پێوە نییە، چونکە وەک ئاماژەمان پێ دا، دەشێ یاسایەک پێچەوانەی دەستووریش بێت و چەندین ساڵ کاریشی پێ بکرێت، تاوەکوو ئەو رۆژەی دادگا بڕیار دەدات بە پووچەڵکردنەوە.

 

٤ـ ئەو بیانووەی دادگا پشتی پێبەستووە، گوایا ئەگەر ئەو یاسایانە جێبەجی بکرێن، ناکرێ رێگری لە کاریگەرییە خراپەکانیان بکرێ، هیچ بنەمایەکی نییە، چونکە دادگا دەتوانێ بڵێ یاساکە لە رۆژی دەرچوونییەوە هەڵدەوەشێتەوە، ئەگەر بۆی دەرکەوت یاساکە نادەستوورییە.

 

ئەم بریارەی دادگای باڵای فیدراڵیی پێچەوانەی دەستوورە، یان بڵێین هەڵگەڕانەوەیە لە دەستوور، پێویستە سەرۆکی کۆمار، کە بەحیساب پارێزەری دەستوورە، هەڵوێستی هەبێت و پەرلەمانیش لێی بێ دەنگ نەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی “Bob Marley: One Love” لە سینەماکانی جیهاندا

ART

پرسه‌نامه‌يه‌ك له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌

سەڵاح

بەشی نوێی “The Lion King” بڵاوکرایەوە

ART