وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عراقچی ڕایگەیاند، هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەر دەئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان وڵاتەکەی و واشنتن.
چوارشەممە، 23-4- 2025، عەباس عراقچی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەربارەی دانووستانەکانی نێوان ئێران و واشنتن گوتی: هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەر دەرئەنجامی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمەریکا.
عراقچی ئاماژەی بەوەش کرد، “دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکییەکان بە ئاراستەیەکی دروستدا دەڕوات.”
دوێنێ سیشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بڕیاربوو دانوستانە تەکنیکییەکانی تاران واشنتن دەربارەی چەکی ئەتۆمی ئەمڕۆ چوارسەممە بەرێوە بچێت، بەڵام بۆ ڕۆژی شەممە دواخرا.
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێڕان گوتی: “لەسەر پێشنیازی عوممان و بە ڕەزامەندی شاندەکانی ئێران و ئەمەریکا، کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری تەکنیکی نێوان دوو وڵات کە بڕیار بوو ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوە بچێت، بۆ ڕۆژی شەممە دواخرا، ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارە ڕۆژی شەممە سێهەمین خولی دانوستانەکان بە نێوەندگیری عوممان بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە بچێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هۆکاری دواخستنی دانوستانەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ڕۆژی سێشەممە، 22ـی نیسان، بەقائی گوتی: عراقچی بۆ گفتوگۆ بەرەو چین دەڕوات.
وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند، بەر لەوەی عراقچی بەرەو چین بڕوات، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی، دەربارەی دوا پەرەسەندنەکانی دانواتانەکان قسەی کردووە.
لە 12ـی نیسانەوە ئێران و ئەمەریکا دووجار کۆبوونەتەوە و دانوستانیان لەسەر چەکی ئەتۆمی کردووە، یەکەمیان لە عوممان بووە، دووەمیان لە ڕۆما بووە، هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عوممان ڕایگەیاند، سێیەم دانوستان لە 26ـی نیسان لە مەسقەت بەرێوە دەچێت.

