zagros news agency

مەزڵووم عەبدی: هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ یەکڕیزی کورد لە سووریا لەبیر ناکەین

 

مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی کورد لە رۆژئاوا گوتارێکی پێشکێشکرد و لە گوتارەکەیدا سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی کرد بۆ یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانی کورد لە سووریا و گوتی؛ هەوڵ و ماندبوونی سەرۆک بارزانی لە بیر ناکەین.

 

رۆژی شەممە 26ـی نیسانی 2025 کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە قامیشلوو بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی دەستی بە کارەکانی کرد و لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا مەزڵووم عەبدی گوتارێکی پێشکێشکرد و تیایدا ئاماژەی بە هەوڵ و ماندووبوونی کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد کرد بۆ لەیەک نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی کورد لە سووریا.

 

مەزڵووم عەبدی وێڕای ئاماژەدان بەو قوربانیانەی کورد لە سووریا بۆ پاراستنی خاکەکەی داویەتی رایگەیاند؛ “بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە بڕیارێکی لە ناکاو نەبووە، بەڵکوو ئەنجامی هەوڵدان، کۆبوونەوە و گفتوگۆیەکی دوورودرێژی لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بووە”.

 

مەزڵووم عەبدی گوتی؛ “زۆر سیاسەتمەدار و لایەنی سیاسیی پارچەکانی دیکەی کوردستان هەوڵی یەکخستنی هەڵوێستی کوردییان لە ڕۆژئاوای کوردستان داوە و یارمەتی ئێمەیان داوە. لە سەرووی هەمووانەوە سەرۆک بارزانی، هەوڵ و ماندبوونی لە بیر ناکەین و سوپاسی دەکەین”.

 

هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژەی بە هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و چەند کەسایەتیی دیکەی سیاسیی دا و دووپاتیکردەوە: “هەروەها هاوسەرۆکایەتیی کەجەکە و هەر یەکە لە کاک نێچیرڤان بارزانی و کاک بافڵ تاڵەبانیش، ڕۆڵیان هەبوو و سوپاسیان دەکەین”.

 

لەو کۆنفرانسەدا کە حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانیش گوتاری پێشکێشکرد، مەزڵووم عەبدی لەبارەی ئامانجی کۆنفرانسەکە گوتی: “بۆ پارچەکردنی سووریا نییە، بە پێچەوانەوە لە پێناو یەکێتیی خاکی سووریایە. جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە، ئێمە لەگەڵ یەکێتیی خاکی سووریاداین. جەخت لەوە دەکەینەوە، یەکێتیی کوردان، یەکێتیی سووریایە، بەهێزی کوردیش، بەهێزی سووریایە.”

 

لە کۆنفرانسی یەکڕیزی هەڵوێستی کورد نوێنەرانی؛ پارتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردی، پارتیی ئاشتیی دیموکراتی کوردستانی، پارتیی دیموکراتی پێشکەوتووی کورد لە سووریا، پارتیی ویفاقی دیموکراتی کوردی لە سووریا، پارتیی یەکێتی دیموکراتی کورد لە سووریا، بزووتنەوەی خۆبوون دەکەن و نزیکەی 30 ئەندامی کۆنفرانسەکەش پێکدێن لە کەسایەتیی مەدەنی و نوێنەری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ كۆبووه‌

یاسین

نەتەوە یەکگرتووەکان: 101 هەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەژین

سەڵاح

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

یاسین