ژمارەی ئەو کەسانەی لە مانگی حوزەیراندا لە سەرتاسەری ئەڵمانیا بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەست داوە، لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا وێنەی نەبووە. نزیکەی هەموو قوربانییەکان پیاو بوون و بەشێکی زۆریان تەمەنیان لە خوار ٣٠ ساڵەوە بووە.
لە کاتی شەپۆلی گەرمای مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرتاسەری ئەڵمانیا خنکاون، لە هەموو مانگەکانی حوزەیرانی ٢٣ ساڵی ڕابردوو زیاتر بووە. ئەنجومەنی ڕزگارکردنی خنکاوانی ئەڵمانیا (DLRG) ڕای گەیاند لانی کەم ٩٩ کەس لەم مانگەدا خنکاون. پێشتر تەنیا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٣دا ژمارەی قوربانییانی خنکان زیاتر بووە و ١٠٧ کەس تۆمار کراوە.
ئوتە فۆگت، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕزگارکردنی خنکاوانی ئەڵمانیا، ئەم دۆخەی وەک “دەستپێکێکی تراژیدی بۆ وەرزی مەلەکردن” ناو برد. ئەم ئەنجومەنە هاوکات لەگەڵ دەستپێکی پشووەکانی هاوین لە چەند ویلایەتێکی ئەڵمانیا، داوای لە خەڵک کرد مەترسییەکانی ناو ئاو بە هەند وەربگرن. ئەنجومەنی ڕزگارکردنی خنکاوانی ئەڵمانیا بە هەبوونی نزیکەی ٦٣٠ هەزار ئەندام، گەورەترین ڕێکخراوی ڕزگارکردنی خنکاوانە لە جیهاندا.
بە گوێرەی ئامارەکانی ئەم ئەنجومەنە، زیاتر لە ٩٠٪ی ئەو کەسانەی لە مانگی حوزەیراندا خنکاون، پیاو بوون. هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٥یشدا لە هەر پێنج قوربانییەکی خنکان، چواریان پیاو بوون. فۆگت گوتی: “لەبەر ئەوە، بەتایبەت داوا لە کوڕان و پیاوان دەکەین تواناکانی خۆیان بە واقیعی هەڵبسەنگێنن و لە ڕەفتاری پڕمەترسی دوور بکەونەوە.”
زۆرترین حاڵەتی خنکان لە مانگی حوزەیراندا لە ویلایەتی نۆردراین-وێستفالن تۆمار کراوە و تەنیا لەو ویلایەتە ٢٢ کەس خنکاون. بەشێکی زۆری قوربانییەکان گەنج بوون و ٤٠ کەسیان تەمەنیان لە ٣٠ ساڵ زیاتر نەبووە. زۆربەی ڕووداوەکان لە دەریاچە و ڕووبارەکاندا بوون و لە مەلەوانگە و نۆکەندەکاندا ژمارەی قوربانییەکان کەمتر بووە.
فۆگت ئاماژەی بەوە کرد زۆر کەس مەترسییەکان، بەتایبەت تەوژمی ئاو و جیاوازیی پلەی گەرمیی جەستە و ئاو لە کاتی بازداندا، بە کەم دەزانن. هەروەها گوتی بڕوابەخۆبوونی زیاد لە پێویست، بازدان بۆ ناو ئاوی کەمقووڵ یان لێڵ و کێشەی تەندروستی دەبنە هۆی ڕووداوی کوشندە.

