zagros news agency

تورکی مالیکی : درۆنێکمان تێک شکاند حوسیەکان ئاراستەیی مەککەیان کردبوو

هاوپەیمانیی عەرەبی: هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی سعودیە درۆنێکی حووسییەکانیان لە نزیکی مەککە تێکشکاند

هاوپەیمانیی عەرەبی بە ڕابەرایەتیی سعودیە ڕایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی سعودیە درۆنێکیان تێکشکاندووە کە بە گوتەی ئەوان، لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە ئاراستەی شاری مەککە کرابوو. لە بەرامبەردا، حووسییەکان ئەم بانگەشەیەیان ڕەتکردەوە و بە «درۆ» وەسفیان کرد.

بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە 16-09-2026، تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی، لە ڕاگەیێندراوێکدا گوتی هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی سعودیە «درۆنێکی دووژمنکارانەیان تێکشکاندووە کە لەلایەن میلیشیا تیرۆریستییەکانی حووسییەوە هەڵدرابوو».

مالیکی ئاماژەی بەوەش کرد کە درۆنەکە لە باشووری شاری مەککە و پێش ئەوەی بچێتە ناو ئاسمانی شارەکە، خراوەتە خوارەوە.

گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی هەروەها گوتی: «ئاسایشی هەردوو حەرەمی پیرۆز و میوانانی خودا هێڵی سوورە»، و ڕوونی کردەوە کە ئەمە دووەمین هەوڵی حووسییەکانە بۆ بەئامانجگرتنی مەککە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2017دا هەوڵیان دابوو بە مووشەک هێرش بکەنە سەر شارەکە.

مالیکی هۆشداری دا کە هاوپەیمانییەکە لە گرتنەبەری ڕێکاری تووند و بەرپەرچدانەوە بەرامبەر ئەو رەفتارە دووژمنکارانە سڵ ناکاتەوە.

لە وەڵامی ئەم ڕاگەیێندراوەیەدا، حازم ئەسەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حووسییەکان، بانگەشەکەی سعودیەی ڕەتکردەوە. ئەسەد لە ئەپلیکەیشنی «ئێکس» نووسی: «ئەو بانگەشانەی باس لە بەئامانجگرتنی مەککەی پیرۆز دەکەن، درۆیەکە کە پێشتریش بەکارهاتووە و چیدی کەس پێی هەڵناخەڵەتێت.»

لە لایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی (OIC) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەوەی بە «هێرشە قێزەونانە» ناوبرد کە بە گوتەی ئەو ڕێکخراوە لەلایەن حووسییەکانەوە کراونەتە سەر شاری مەککە و ناوچەی مەدینە.

ئەمینداریەتیی گشتیی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی هەروەها بەردەوامبوونی هێرشەکانی حووسییەکانی سەر شانشینی سعودیەی سەرکۆنە کرد.

هەواڵی پەیوەندیدار

نوونەرێ ئەرمەنان ل زاخۆ: سەرۆک بارزانی سمبۆلێ پێکڤەژیانێ و پارێزەرێ مافێن هەمی پێکهاتەیانە

یاسین

ئەکتەری فەرەنسی ئێڤا گرین لە کاتی وێنەگرتنی زنجیرەیەکدا تووشی پێکان بوو

ART

بانکی ناوەندیی عێراق: لیکگەیشتنەکە لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکادا هەنگاوێکی گرنگە

سەڵاح