zagros news agency

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسای سزاکانی دژ بە ڕووسیا پەسەند کرد

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی پەسەند کرد کە ئامانجی زیادکردنی فشارە ئابوورییەکان لەسەر ڕووسیا بەهۆی جەنگی ئەو وڵاتە لە ئۆکرانیاوەیە.

پڕۆژەیاساکە ڕۆژی چوارشەممە بە 262 دەنگی بەڵێ و 159 دەنگی نەخێر پەسەند کرا و بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکانێردرا بۆ واژۆکردن و جێبەجێکردن.

لە کۆی دەنگدەرانی دیموکرات، 58 ئەندام لەگەڵ کۆمارییەکان دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە دا، لە کاتێکدا هەموو ئەندامە کۆمارییەکان جگە لە 7 کەس پشتگیرییان لێکرد.

پێشتر، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، مانگی ڕابردوو پڕۆژەیاساکەی بە 86 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 11 دەنگی نەخێرپەسەند کردبوو.

ترەمپیش ڕایگەیاندووە کە پڕۆژەیاساکە واژۆ دەکات بۆ ئەوەی ببێتە یاسا.

ئامانجەکانی یاساکە

پڕۆژەیاساکە بە تایبەتی کەرتەکانی وزە و بەرگریی ڕووسیا، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتین و بەرپرسانی باڵای حکومەت، دەخاتە ژێرسزاکان.

یاساکە دەسەڵاتی بە ترەمپ دەدات کە تا 100% باجی گومرکی لەسەر کڕیارە سەرەکییەکانی نەوت و گازی ڕووسی، لەوانە چین و هیندستان، دابنێت.

ئامانجی ئەم هەنگاوە کەمکردنەوەی داهاتی ڕووسیا لە فرۆشتنی وزە و سنووردارکردنی توانای داراییی ئەو وڵاتە بۆ بەردەوامبوون لە جەنگی ئۆکرانیایە.

ناڕەزایی لە پڕۆژەیاساکە

پڕۆژەیاساکە لەلایەن هەندێک کەسەوە ڕووبەڕووی ناڕەزایی بووە، بە تایبەتی بەهۆی ئەو دەسەڵاتە فراوانەی بە ترەمپ دەدات بۆ دانانی باجی گومرکی تا 100% لەسەر چین و هیندستان و وڵاتانی تری کە بە نەوت و گازی ڕووسی پشت دەبەستن.

هەروەها، پڕۆژەیاساکە سزاکانی دژ بە ئێران درێژە پێدەدات.

ناوی پڕۆژەیاساکە ئێستا «یاسای لینزی گراهام بۆ سزادانی ڕووسیا و ئێران لە ساڵی 2026» ـە، کە بە ناوی سیناتۆری کۆماریی پێشووی کارۆڵینای باشوور، لینزی گراهام، ناونراوە.

ئەم پڕۆژەیاسایە بە گرنگترین هەنگاوی کۆنگرێسی ئەمریکا لە بوارى ئۆکرانیا دادەنرێت لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکیسپی و دەستبەسەرداگرتنی هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێس لەلایەن کۆمارییەکانەوە لە کانوونی دووەمی 2025.

پڕۆژەکە لە کاتی پێشنیارکردنی لەلایەن گراهام و ژمارەیەک لە سیناتۆرەکان لە نیسانی 2025 ـەوە، ناڕەزایی لەبارەیەوە هەبووە. ترەمپ تا تەممووزی 2026 چاوەڕێی کرد، پێش ئەوەی ڕێگە بە سەرکردایەتی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس بدات کاتی دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە دیاری بکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئاڤان حمەسالح: دەمانەوێت هاوشێوەی هەولێر و دهۆك خزمەتی سلێمانیش بكەین

گوران

کەشناسی هەرێم : پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە

سەڵاح

شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە کۆبوونەوەدان

سەڵاح