وەزارەتی بەرگریی تورکیا هێرشی درۆنیی حووسییەکان بۆ سەر سعوودیە و هەنگاوەکانی دیکەی ئەو گرووپەی شەرمەزار کرد و داوای کۆتاییهێنان بەو کردەوانەی کرد دەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئەو وەزارەتە ڕایگەیاند مەترسیی بەردەوامی حووسییەکان لە دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب، نەک تەنها ئاسایشی ناوچەکە، بەڵکوو بازرگانیی دەریاییی نێودەوڵەتی و سەقامگیریی جیهانیش دەخاتە مەترسییەوە.
هاوکات لەگەڵ تەشەنەسەندنی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دروستبوونی مەترسیی نوێ لەسەر دابینکردنی نەوتی جیهان، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە هەڵاتنی خەڵکی یەمەن بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕ و پێکدادانەکان دەکەن.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ ڕایگەیاند بەهۆی پێکدادانەکانی ئەم دواییەوە زیاتر لە ١٠٠ هەزار یەمەنی ئاوارە بوون و زۆربەیان لە نێو خاکی یەمەندان.
حووسییەکان لە هەفتەی ڕابردووەوە لە پێشڕەوییەکی خێرادا تەواوی کەناراوەکانی دەریای سووری یەمەنیان کۆنترۆڵ کردووە و دەڵێن، هێزی ئاسمانیی سعوودیە لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەدان هێرشی ئاسمانیی ئەنجام داوە.
ئەوانیش لە بەرانبەردا، مووشەک و درۆنیان ئاراستەی چەندین ئامانج لە ئەودیو سنوور کردووە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی سێپتێمبەر حووسییەکان ڕایانگەیاند فڕۆکەیەکی جەنگیی “ئێف ١٥”ی سعوودییان خستووەتە خوارەوە.
بەپێی هەواڵی ڕۆیتەرز، گرتەیەکی ڤیدیۆیی شەوی ڕابردوو بڵاویان کردەوە، چەکدارانی پێشان دەدا لە نێو پاشماوە سووتاوەکانی شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەدا دروشمی “ئەڵڵاهو ئەکبەر”یان دەگوتەوە و پارچەیەک لە باڵی فڕۆکەیەکی سەربازییان بە نیشانەی سعوودییەوە بە دەستەوە بوو.

