ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئێران هەوڵ دەدات قەرەبووی داهاتی گازی هەناردەکراو بۆ عێراق بکاتەوە بە کاڵا

بەهۆی کۆتاییهاتنی مۆڵەتی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران لەلایەن عێراقەوە، ئێران هەوڵ دەدات داهاتی گازی هەناردەکراوی خۆی بۆ عێراق بە ڕێگەی هەناردەکردنی کاڵای خۆراکی و کەلوپەلی بیناسازی قەرەبوو بکاتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، دوو ژووری بازرگانیی ئێران، ئەوانیش تاران و خوڕەمشار، ڕێککەوتننامەیەکی هاوکارییان واژۆ کردووە بەمەبەستی زیادکردنی هەناردەی کاڵاکانیان بۆ عێراق.
مستەفا مووسەوی، سەرۆکی ژووری بازرگانیی خوڕەمشار، ئاماژەی بەوەدا کە شارەکانی خوڕەمشار و ئابادان لەگەڵ بەسرە دەتوانن ئاڵوگۆڕی بازرگانیی باشیان هەبێت، بۆیە پێویستە وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت ئاگاداری ئەو دەرفەتانە بن.
ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە ٨ی ئادارەوە بەخشینی عێراق بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە کۆتایی دێت.
مەحموود نەجەفیی عەرەب، سەرۆکی ژووری بازرگانیی تاران، جەختی لەوە کردەوە کە زیادکردنی هاوکاریی نێوان ژوورە بازرگانییەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە زیادکردنی هەناردەی کاڵا بۆ عێراق. هەروەها بەسرەی بە شوێنێکی گونجاو وەسف کرد بۆ وەبەرهێنانی ئێرانی و گواستنەوەی بەشێک لە پرۆسەی بەرهەمهێنان.
ئامارەکان دەریدەخەن قەبارەی بازرگانیی ساڵانەی نێوان ئێران و عێراق زیاترە لە ١٠ ملیار دۆلار، بەڵام هەناردەکارانی ئێرانی ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە بەهۆی بەربەستە گومرگییەکان، سنووردارکردنی بانکەکان و کێشەی لۆجستی. ژوورە بازرگانییەکان هەوڵ دەدەن بە بەکارهێنانی میکانیزمی نوێ، وەک گۆڕینەوەی کاڵا بە کاڵا یان بەکارهێنانی دراوی نیشتمانی، ئەو بەربەستانە تێپەڕێنن.
جگە لە خۆراک، کەرەستەی بیناسازی و پترۆکیمیایی خواستێکی زۆریان لەسەرە لە عێراق، ئەمەش دەرفەتێکی گەورەیە بۆ وەبەرهێنەرانی ئێران بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی بەسرە.
لە بەرانبەردا، عیماد غالب، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی بەسرە، ڕەخنەی لە کوالێتیی کاڵا ئێرانییەکان گرت و ئاماژەی بەوەدا کە لە ئاستی پێویستدا نین و ڕکابەریی بەهێزی کاڵای تورکی هەڕەشەیە بۆ سەر کاڵا ئێرانییەکان. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە بەرهەمهێنەرانی ئێرانی پابەند نین بە گرێبەستەکان و جۆری کاڵای داواکراوەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی درۆنەکیان لە ئازمانی دێرەزۆر خستە خوارەوە

سەڵاح

کۆمپانیای لوفتهانزای ئەڵمانی ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل درێژکردەوە

یاسین

نیۆیۆرک‌تایمز: زانیاری نوێ سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئاشکرا بوو

سەڵاح