سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هەڵدانی دوو مووشەک لە خاکی سووریاوە، چەند ناوچەیەکی لە باشووری ئەو وڵاتە کردووەتە ئامانج. هاوکات، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریای بە “ڕاستەوخۆ بەرپرسیار”ی ئەو هێرشانە زانی.
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە، ٣ی حوزەیران، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر هەڵدانی دوو مووشەک لەنێو خاکی سووریاوە، هێرشی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەک لەو وڵاتە. بە گوتەی ئیسرائیل، ئەو دوو مووشەکە لە ناوچە کراوەکاندا کەوتوونەتە خوارەوە.
نووسینگەی یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لەم بارەیەوە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “ئێمە سەرۆککۆماری سووریا بەڕاستەوخۆ بە بەرپرسیار دەزانین بەرانبەر هەر هەڕەشە و ئاگرێک ئاراستەی دەوڵەتی ئیسرائیل بکرێت.”
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا، سانا، ڕایگەیاندووە ئیسرائیل ناوچەی حەوزی یەرمووکی لە ڕۆژئاوای پارێزگای دەرعای کردووەتە ئامانج.
سووریا هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی بە “پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی” خۆی زانی و گوتی ئەم هێرشانە “گرژییەکانی ناوچەکە پەرەپێدەدەن.”
وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “سووریا هیچ کاتێک هەڕەشە نەبووە و نابێت بۆ هیچ کەسێک لە ناوچەکەدا.” هەروەها بەرپرسیارێتیی هەڵدانی مووشەکەکانی ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە: “چەندین لایەن هەوڵ دەدەن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان سەقامگیریی ناوچەکە تێکبدەن. ئەرکی سەرەکی لە باشووری سووریا، فراوانکردنی سەروەریی دەوڵەت و کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارە نافەرمییەکانە.”
ڕوانگەی سووریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، ڕایگەیاند لەو هێرشانەدا زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆمبابار کراون، بەڵام هیچ ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە زیانی گیانیی ئەگەریی بڵاو نەکردووەتەوە.
هەواڵی داهاتوو

