zagros news agency

ئۆکراینا فڕۆکە دەگمەنەکانی A-50ی ڕووسیای کردووەتە ئامانج

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئۆکراینا لە میانەی هێرشە درۆنییەکانیدا بۆ سەر چوار بنکەی ئاسمانیی ڕووسیا، فڕۆکەی دەگمەنی ئاگادارکەرەوەی پێشوەختەی ئەو وڵاتەی کردووەتە ئامانج.
ڕۆژنامەی “تەلگراف”ی بەریتانیایی، بە پشتبەستن بە زانیاریی سەرچاوە هەواڵگرییەکان، بڵاوی کردووەتەوە، ئۆکراینا لە هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییەیدا بۆ سەر بنکە ئاسمانییەکانی ڕووسیا، توانیویەتی زیان بە لانی کەم دوو فڕۆکەی ئاگادارکەرەوەی پێشوەختەی مۆدێل A-50ی ئەو وڵاتە بگەیەنێت.
ئەم فڕۆکانە بەهۆی کەمیی ژمارەیان و ڕۆڵی سەرەکییان لە هەماهەنگیی زنجیرە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان و دەستنیشانکردنی ئامانجەکاندا، گرنگییەکی ستراتیژیی تایبەتیان هەیە. هاوکات، لەکارکەوتنی ئەگەریی ئەم فڕۆکانە دەکرێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر توانای ڕووسیا بۆ بەکارهێنانی بۆمبە خلیسکێنەرەکان (Glide Bombs) هەبێت.
یەکێک لە ڕۆژنامەنووسانی “تەلگراف” باسی لە بینینی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کردووە، تیایدا دەرکەوتووە دوو فڕۆکەی A-50 کراونەتە ئامانج. ڕۆژنامەنووسێکی دیکەی هەمان ڕۆژنامەش ڕایگەیاندووە، درۆنەکان ڕاستەوخۆ لەسەر ئەنتێنپۆشی (ڕادۆم)ی لانی کەم دوو لەو فڕۆکە ئاگادارکەرەوانە نیشتوونەتەوە و پاشان تەقیونەتەوە.
وێنە و ڤیدیۆی ئاماژەپێکراو لەلایەن تەلگراف و ڕۆژنامەنووسە بەریتانیاییەکەوە هێشتا بڵاونەکراونەتەوە. تەلگراف ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە، ڕوون نییە ئاخۆ ئەم فڕۆکانە بەتەواوی تێکشکاون یان تەنیا زیانیان بەرکەوتووە.
جێی باسە، فڕۆکەی A-50 کە هاوتای فڕۆکەی ئاواکسی ناتۆیە، وەک ناوەندێکی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی هەوایی کار دەکات و توانای دەستنیشانکردنی ئامانجە دوورمەوداکانی هەیە. پێشتریش ئۆکراینا چەند جارێک بانگەشەی کردنەئامانجی ئەم جۆرە فڕۆکەیەی کردووە و لە شوباتی ئەمساڵیشدا تێکشکاندنی یەکێکی دیکەیانی پشتڕاست کردبووەوە، کە لەدەستدانیان گورزێکی گەورەیە بۆ هێزی ئاسمانیی ڕووسیا.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕێنماییی نوێی بۆ تۆمارکردنی تاکسی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە

یاسین

ئەمشەو ڕیال مەدرید بەرامبەر برێست یاری هەیە و دەبێت براوە بێت

یاسین

کۆریای باشوور هۆشداری دەدات لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی خێرای کۆریای باکوور

یاسین