کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران گیانلەدەستدانی پێنجەمین فریاگوزاری خۆی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند.
ئەم ڕێکخراوەیە لە بەیاننامەیەکدا ناوی فریاگوزارەکەی بە “عەلی ئەکبەر میرمحەممەدی” ڕاگەیاند و ئاماژەی دا کە ناوبراو لە ڕۆژی یەکەمی پووشپەڕ (١٤٠٤)دا، بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیل لە ئیسفەهان بریندار ببوو و دوای هەفتەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
پێشتر پیرحوسێن کولیڤەند، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی بە فەرمی سکاڵای لەسەر ئیسرائیل لە کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی تۆمار کردووە.
کولیڤەند گوتبووی: “هەموو پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤمان لە چوارچێوەی ڕاپۆرت و سکاڵانامەدا پێشکەش بە کۆمیتەی خاچی سوور و داواکاری گشتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کردووە؛ ئەوانیش ئەو کارانەیان ئیدانە کردووە و بەڵێنی بەدواداچوونیان داوە.”

