zagros news agency

ئۆزگور ئۆزەل هێرشی کردە سەر ئەردۆغان

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە، ڕەخنەی توند لە گوتارەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەگرێت و دەڵێت، ئەردۆغان دەیەوێت لەسەر بنەمای ئوممەت و مەزهەب سیاسەت بکات. ئۆزەل ڕایگەیاند، ئەردۆغان دەم پارتی وەک نوێنەری کورد، مەهەپە وەک نوێنەری تورک و ئاک پارتیش وەک نوێنەری عەرەب دەبینێت.
کاردانەوەکان دژی گوتارەکەی سەرۆککۆماری تورکیا لە کزلجەحەمامی ئەنقەرە بەردەوامن. ئەردۆغان باسی لە هاوپەیمانیی مێژوویی کورد و تورک و عەرەبی کردبوو و گوتبووی، لەمەودوا ئاک پارتی، مەهەپە و دەم پارتی پێکەوە بەردەوام دەبن.
ئۆزگور ئۆزەل ڕەخنەی لەوە گرت، ئەردۆغان لەبری “میللەت”، چەمکی “ئوممەت”ی داناوە و گوتی: “دەیەوێت لەژێر ناوی ئوممەتدا چەترێک دروست بکات و لەسەر بنەمای ئیسلامی سوننە، هاوپەیمانێتییەکی نوێ دابمەزرێنێت. ئێمە بۆ ئەوەی شەهید نەدرێت هەموو شتێک دەکەین، بەڵام ڕێگە نادەین لەسەر بنەمای ئوممەت و مەزهەبگەری کار بکەن. پێویستە ئێوە کوردەکان بە کەم سەیر نەکەن، کوردیش چیتر هەڵناخەڵەتێت. لە چوارچێوەی سنووری میساقی میللیدا، جێگەی هەموو هاووڵاتییانمان لەسەر سەر و چاومانە.”
میدیا کەمالیست و نزیکەکان لە جەهەپە، چالاکیی چەکدانان و سووتاندنی چەکی گرووپێکی چەکدارانی پەکەکە بە “شانۆگەری” ناودەبەن و بە ئاشکرا دژایەتیی خۆیان بۆ پرۆسەکە دەردەبڕن.
بەپێی هەمان میدیا، ئۆجەلان و ئەردۆغان و باخچەلی ڕێککەوتوون و دوای یەکەم هەنگاوی چەکدانان، حکوومەت هەنگاو دەنێت. لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا، باس لە “مافی هیوا” بۆ ئۆجەلان، لێبووردنێکی سنووردار و جارێکی دیکە خۆکاندیدکردنەوەی ئەردۆغان دەکرێت. لەم ڕووەوە، ژمارەی کورسییەکانی هەر سێ پارتەکەش دەژمێردرێت و دەگوترێت، دەنگی هەر سێ پارتەکە دەتوانێت ڕێگە بۆ خۆکاندیدکردنەوەی ئەردۆغان خۆش بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئیسڕائیل هێزەکانی دەکشێنێتەوە، ئیسرائیل ده‌ڵێت یەک هەنگاو لە سەرکەوتن دوورە

سەڵاح

شەمەندەفەرەکەی بەرشەلۆنە وەستانی نییە

یاسین

ژمارەی کوژراوان لە غەززە گەیشتە نزیكه‌ی 37 هه‌زار

سەڵاح