zagros news agency

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین تاوانی جەنگە

 

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی تەممووز، لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەی ورددا ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییە ئەنقەستەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤ بووە و دەبێت وەک «تاوانی جەنگ» مامەڵەی یاسایی لەگەڵدا بکرێت. هەروەها ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە داوای لە دامەزراوە دادوەرییەکانی جیهان کردووە، بەرپرسانی ئەم هێرشە بخەنە ژێر لێپێچینەوەی یاسایی.
بەرپرسانی ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکەی ڕۆژی ٢٣ی حوزەیران بۆ سەر زیندانی ئێڤینی تارانیان بە «هێرشێکی ئامانجدار» دژی «هێمای سەرکوتی خەڵکی ئێران» ناوبردبوو و ڕایانگەیاندبوو لەو زیندانەدا «ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری دژی دەوڵەتی ئیسرائیل» ئەنجام دەدرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی لێبووردنی نێودەوڵەتی، فیلمە پشتڕاستکراوەکان، وێنە مانگە دەستکردەکان و چاوپێکەوتنی ڕێکخراوەکە لەگەڵ شایەتحاڵان، خانەوادەی زیندانیان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ، نیشانی دەدەن کە سوپای ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر زیندانی ئێڤین ئەنجام داوە و بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان هاووڵاتیی مەدەنی و وێرانکارییەکی بەرفراوان لە لانیکەم شەش شوێنی ئەم کۆمەڵگەی زیندانەدا.

هێرش لە کاتی سەردانی خانەوادەکاندا
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەم ڕێکخراوە، هێرشەکە لە کاتژمێرەکانی دەوام و لە کاتی سەردانی خانەوادەکان بۆ لای زیندانییەکان ئەنجام دراوە؛ کاتێک زۆرێک لە بەشەکانی زیندان پڕ بوون لە هاووڵاتیی مەدەنی. سوپای ئیسرائیلیش چەند کاتژمێرێک دواتر هێرشەکەی پشتڕاست کردەوە و بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شانازییان پێوە کرد.
بە گوتەی بەرپرسانی ئێرانی، لەم هێرشەدا لانیکەم ٨٠ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون، کە ٧٩ کەسیان ژن و پیاو و یەکێکیان کوڕێکی تەمەن پێنج ساڵان بووە.
ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، زیندان و گرتووخانەکان بە ئامانجی نامەدەنی هەژمار دەکرێن و هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو نییە بیسەلمێنێت زیندانی ئێڤین ئامانجێکی سەربازیی ڕەوا بووبێت.
داواکاری بۆ بەکارهێنانی «دەسەڵاتی دادوەریی گەردوونی»
ئێریکا گێڤارا ڕۆساس، بەڕێوەبەری باڵای توێژینەوە، سیاسەت و کەمپەینەکانی لێبووردنی نێودەوڵەتی، گوتی: «بەڵگەکان هۆکاری باوەڕپێکراو دەخەنە ڕوو کە سوپای ئیسرائیل بەبێ باکانە و بە ئەنقەست هێرشی کردووەتە سەر باڵەخانەی مەدەنی. ئامانجگرتنی ئامانجی مەدەنی بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بە توندی قەدەغەیە. ئەنجامدانی ئەنقەستی ئەم جۆرە هێرشانە بە تاوانی جەنگ دادەنرێت.»
بەپێی خەمڵاندنەکانی لێبووردنی نێودەوڵەتی، زیندانی ئێڤین لە کاتی هێرشەکەدا لە نێوان ١٥٠٠ بۆ ٢٠٠٠ زیندانیی تێدا بووە، لەنێویاندا چالاکوانانی مافی مرۆڤ، نەیارانی سیاسی، ئەندامانی کەمینە ئایینییە چەوساوەکان و هاووڵاتییانی دووڕەگەزنامە و بیانی، کە زۆرجار وەک کەرەستەی موزایەدەی دیپلۆماسی بەکارهێنراون.
ئێریکا گێڤارا ڕۆساس گوتی: «پێویست بوو هێزەکانی ئیسرائیل بزانن هەر هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر زیندانی ئێڤین دەتوانێت زیانێکی بەرفراوان بە هاووڵاتییانی مەدەنی بگەیەنێت.»
ناوبراو داوای لە دامەزراوە دادوەرییەکانی جیهان کرد «دڵنیا ببنەوە کە هەموو بەرپرسانی ئەم هێرشە کوشندەیە، بە بەکارهێنانی بنەمای دەسەڵاتی دادوەریی گەردوونی، ڕادەستی دادگا دەکرێن.»
بنەمای «دەسەڵاتی دادوەریی گەردوونی» لە یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکاندا ئەم دەرفەتە دەڕەخسێنێت کە هەر وڵاتێک بتوانێت لەبارەی تاوانە زۆر قورسەکانی وەک کۆمەڵکوژی، تاوانی جەنگ یان تاوانی دژی مرۆڤایەتی، ڕێکاری دادوەری بگرێتە بەر.
کوژران و برینداربوونی دەیان مەدەنی
بە گوتەی لێبووردنی نێودەوڵەتی، هێرشەکانی ئیسرائیل بووەتە هۆی وێرانبوونی لانیکەم شەش شوێن لە بەشەکانی باشوور، ناوەند و باکووری زیندانی ئێڤین. بەپێی زانیارییەکان، ناسنامەی ٥٧ هاووڵاتیی مەدەنیی کوژراو ئاشکرا کراوە، لەنێویاندا پێنج توێژەری کۆمەڵایەتیی ژن، ١٣ سەربازی ئەرک کە پاسەوان یان کارمەندی زیندان بوون، ٣٦ کارمەندی دیکەی زیندان و کوڕی یەکێک لە توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان.
ڕاپۆرتەکە لەسەر بنەمای شیکردنەوەی ٢٢ ڤیدیۆ و ٥٩ وێنەی پشتڕاستکراو، لێدوانی بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئێرانی، چاوپێکەوتن لەگەڵ ٢٣ کەس لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران و چوار تۆماری دەنگیی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان زیندانییەکان و خانەوادەکانیان ئامادە کراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆك بارزانی پیرۆزبایینامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی ئێزدییه‌كان ده‌كات

سەڵاح

خولی ئەڵمانیا..لیڤەرکوزن لەدوا خولەک بردیەوە و بەردەوامە لە ڕکابەری بایرن میونشن

یاسین

هێزەکانی ئاسایشی سووریا شانەیەکی داعشیان لە دەڤەری دارایا دەستگیر کرد

یاسین