لی جای-میۆنگ، سەرۆک کۆماری کۆریای باشوور، هۆشداریی دا لەبارەی خێرایی پڕۆگرامی ئەتۆمیی کۆریای باکوور و گوتی، ئەو وڵاتە دەتوانێت بەم زووانە ساڵانە لەنێوان ١٠ بۆ ٢٠ بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت.
لی جای-میۆنگ لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا و لە وتارێکدا لە “ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی” لە واشنتۆن، گوتی: “کۆریای باکوور نزیک بووەتەوە لە تەواوکردنی دروستکردنی مووشەکێکی کیشوەربڕ کە توانای گەیشتنی بە خاکی ئەمریکای هەیە.”
بە گوتەی سەرۆکی کۆریای باشوور، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و سزا بەرفراوانەکان بۆ ڕاگرتنی پیۆنگیانگ بێ ئەنجام بوون. بەپێی ڕاپۆرتی پەیمانگای ئاشتیی ستۆکهۆڵم (SIPRI)، کۆریای باکوور تا ئێستا نزیکەی ٥٠ کڵاوەی ئەتۆمیی دروست کردووە و ماددەی پێویستیشی بۆ دروستکردنی ٤٠ کڵاوەی دیکە لەبەردەستدایە.
لی ڕۆژێک پێش ئەم لێدوانانەی، لە ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ئاب، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە. ترەمپ پێش کۆبوونەوەکە، ئاماژەی بە ئەگەری دیدارێکی دیکە لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکوور کردبوو و لەبارەی کیمـەوە گوتبووی: “ئەو بۆ من زۆر باش بووە.”

