بڕیارە ڕۆژی 25ـی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، لە کۆشکی سپی کۆببنەوە و چاوەڕوان دەکرێت دیدارەکە ببێتە وەرچەرخانێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتندا.
ئەردۆغان لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکەوە ڕایگەیاند، لەگەڵ ترەمپ پرسی پێدانی فڕۆکەی ئێف-35 و ئێف-16 بە تورکیا تاوتوێ دەکەن و جەختیشی کردەوە، دەست بە دانوستان دەکەنەوە بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگیی ئێف-35.
ئەردۆغان گوتی: “تورکیا پێشتر هاوبەش و بەرهەمهێنەری پڕۆگرامی ئێف-35 بووە و بڕی یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلارمان بۆ کڕینی ئەو فڕۆکانە داوە، بەڵام ڕادەست نەکراون. ئەم هەنگاوە لەگەڵ هاوبەشیی ستراتیژیدا ناگونجێت و هەڵە بوو. ئێستا جارێکی دیکە دانوستان لەسەر ئەم بابەتە دەکەینەوە و پێشبینی دەکەین ئەمریکا ئەو کارە بکات کە پێویستە، جا چ بابەتی فڕۆکەی ئێف-35 بێت یان ئێف-16.”
سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیش، سەرۆکی تورکیا گەشبینیی خۆی نیشان دا و گوتی: “پەیوەندییەکانمان لە بوارەکانی پیشەسازی، تەکنەلۆجیا و بەتایبەتیش پیشەسازیی بەرگریدا دەگەینە ئاستێکی زۆر باشتر.”
دوایین سەردانی ئەردۆغان بۆ کۆشکی سپی لە ساڵی 2019 و لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا بوو. لەو کاتەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەهۆی کڕینی سیستەمی مووشەکیی ئێس-400ـی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە گرژیی بەخۆیەوە بینی، کە بووە هۆی دوورخستنەوەی ئەنقەرە لە پڕۆگرامی ئێف-35.
هاوکات، پشتیوانیی واشنتن لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕۆژئاوای کوردستان یەکێکی دیکە بووە لە خاڵە ناکۆکەکان و چاوەڕوان دەکرێت لەم دیدارەدا ئەم پرسەش بخرێتە بەر باس.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

