دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە، هێزەکانی حەماس لە کەرتی غەزە دەستیان بە هێرشی سەربازی کردووە، کە تێیدا ژمارەیەک کەسیان کوشتووە و شەش ئەندامی حەماسیش گیانیان لەدەست داوە. ئەم هەم هێرشانە لە دژی گرووپە “لەژێر لێکۆڵینەوە و یاساشکێنەکان” ئەنجام دراون، بە تایبەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری غەزە.
پەیامنێری کەناڵی عەرەبییە ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، تەقینەوە بەهێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەزە، کە لەگەڵ جێگیربوونی هێزەکانی حەماس لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە دەستیان پێ کردووە، لە ئەنجامی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی حەماس و ئەو گرووپانە بوون. بەپێی ڕاپۆرتەکە، حەماس ئەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی غەزەی کردووەتە ئامانج کە بانگەشەی ئەوە دەکات تێیدا “هاوکارانی ئیسرائیل” خۆیان تێدا حەشار داوە.
لە ڕۆژی دووشەممەوە، وێنە و ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرانەوە و نیشانی دەدا ئەندامانی حەماس لە غەزە چەندین فەلەستینییان بە شێوەیەکی ئاشکرا لەسێدارە داوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لەنێو حەماسدا لەسەر ئەم دۆخە گوتی، هێزەکانی ئەم گرووپە “بەپێی یاساکانی پێکدادان، مامەڵەیان لەگەڵ ئەو کەسانە کردووە کە لەژێر لێکۆڵینەوە بوون و ڕەتیان کردووەتەوە خۆیان ڕادەست بکەن.”
بەرپرسێکی ئەمنی لە غەزە ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئاگربەستەوە لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە، هێزەکانی حەماس ٣٢ ئەندامی باندێکی سەر بە خێزانێکیان لە شاری غەزە کوشتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، لەم پێکدادانانەدا شەش ئەندامی حەماسیش گیانیان لەدەست دا.
دوو سەرچاوەی ئەمنی دیکە لە غەزە گوتیان، حەماس لە دوای جێبەجێکردنی ئاگربەستەوە، هێزەکانی خۆی بە وریایی تەواوەوە لە شەقامەکانی غەزە جێگیر کردووە، چونکە نیگەرانیی لە داڕمانی لەناکاوی ئاگربەست هەیە.
حەماس ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەک لە هێزەکانی لیواکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی خۆی، لە کاتی ئازادکردنی دیلەکانی ئیسرائیلی کە لە دوو ساڵ پێش ئێستا و لە هێرشی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا دیل کرابوون، لە شەقامەکان جێگیر کرد.
هەواڵی پێشوو

