ژمارەیەک ئافرەت لە تاران لە بەردەم باڵیۆزخانەی فەڕەنسا گردبوونەوە و داوای ئازادکردنی “مەهدییە ئیسفەندیاری”یان کرد، کە ژنێکی ئێرانییە و لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە لە فەڕەنسا بە تۆمەتی پشتیوانیی تیرۆر دەستبەسەر کراوە.
مەهدییە ئیسفەندیاری بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی چەند پۆستێک لە تێلەگرامدا بۆ پشتیوانیی لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، دەستبەسەر کراوە.
ئافرەتانی ناڕازیی تارانی لە بەردەم باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لەزگەی سووریان لە دەمیان دا و بە بەرزکردنەوەی پۆستەری ئیسفەندیاری، داوای ئازادکردنیان کرد.
ئەم ناڕەزایەتییە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو، دادگایەکی ئێرانی دوو هاوڵاتیی فەڕەنسی بە ناوەکانی سیسیل کۆهلەر و جاک پاریسی بە تۆمەتی سیخوڕی، بە ٦٣ ساڵ زیندانیکردن سزا دا. فەڕەنساش ئەو تۆمەتەی ڕەت کردووەتەوە و بە بێ بنەما ناوی بردووە.

