zagros news agency

وەزیری دەرەوەی سووریا: خوازیاری هاوبەشییەکی بەهێزین لەگەڵ ئەمریکا

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، ئەمڕۆ یەکشەممە، 02ی تشرینی دووەمی 2025، لە کۆڕبەندی گفتوگۆی مەنەمە لە بەحرەین ڕایگەیاند، وڵاتەکەی خوازیاری هاوبەشییەکی زۆر بەهێزە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و نایەوێت ببێتە ناوەندێک بۆ جەمسەرگیری، بەڵکو دەیەوێت پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو حکومەتەکاندا هەبێت. هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، کردەوەکانی ئیسرائیل هەوڵەکانی سووریا بۆ دروستکردنی ئەزموونێکی نوێ و ناوازە لاواز دەکەن.
حکومەتی سووریا جارێکی دیکە جەختی کردەوە، بەدوای دروستکردنی کێشەدا نییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ یان حکومەتە ڕۆژئاوایییەکان.
شەیبانی زیادی کرد، دیمەشق خوازیاری ئەوەیە دوورییەکی یەکسانی لە هەموو وڵاتانەوە هەبێت و پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای هاوکاری بنیات بنێت. بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی “ئەخبارییە”ی سووریا، شەیبانی گوتی، “ئێمە دەستی خۆمان درێژ دەکەین بۆ هاوپەیمانان و دۆستان لە ناوچەکەدا بۆ ئەوەی هەمووان سوودمەند بن لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.”
وەزیری دەرەوەی سووریا ڕوونیشی کردەوە، “ئەوەی ئیسرائیل دژی ئەزموونە نوێ و ناوازەکەی سووریا ئەنجامی دەدات، هەوڵەکانمان لاواز دەکات، ئێمە هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی دیپلۆماسی مامەڵە لەگەڵ کردەوە هاندەرەکانی ئیسرائیلدا بکەین.”
شەیبانی هەروەها ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی سووریا لە ماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کێشە و ئاڵنگارییە زۆرەکان بووەتەوە، بەڵام ملکەچ نەبووە و پێداگری کردووە لەسەر پابەندبوونی بە بەدیهێنانی ئاشتیی نێوخۆیی و دادپەروەری. ئەو جەختی کردەوە، چیتر هیچ هۆکارێک نییە بۆ بەردەوامبوونی سزاکانی نێودەوڵەتی دژی سووریا.
شەیبانی گوتی، حکومەت هەوڵ دەدات یاسا وەک بنەمای مامەڵە لە نێوان هەموو چین و توێژەکانی گەلی سووریادا جێگیر بکات و پابەندە بە بەهێزکردنی ئاشتیی نێوخۆیی لە وڵاتدا. لە کۆتایی گوتارەکەیدا، شەیبانی شانازیی دەربڕی، سووریا وڵاتێکی هەمەچەشنە لە ڕووی فەرهەنگی و نەتەوەیییەوە.
بەرپرسە نوێیەکانی سووریا، کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە ٨ی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا دەسەڵاتیان گرتە دەست، چەندین جار ڕایانگەیاندووە، نایانەوێت وڵاتەکەیان بچێتە نێو هیچ تەوەر یان هاوپەیمانییەکی دەرەکییەوە. ئەحمەد شەڕع، سەرۆککۆماری نوێی سووریا، لەم دواییانەدا جەختی کردووەتەوە، دیمەشق یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
حکومەتی نوێی سووریا هەروەها هەوڵی داوە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئابووری، کە دوای چواردە ساڵ جەنگی نێوخۆیی و سزاکانی نێودەوڵەتی وێران ببوو، بباتە پێشەوە و وەبەرهێنەران ڕاکێشێت، لە کاتێکدا دان بەوەدا دەنێت، ئەم ڕێگایە ئاسان نییە و پێویستی بە کات و هەوڵێکی زۆر هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

گواردیۆلا لە کۆتا ساتەکاندا بردنەوەی گرەوەکەی لەبەرامبەر ئارتێنتا لەدەستدا

یاسین

ئەڵۆنسۆ هەواڵی گەڕانەوەی دوو ئەستێرەی تیپەکەی راگەیاند

یاسین

ئێران.. سێ بەندکراوی کورد لە سێدارە دران

دڵشاد