zagros news agency

جەهەپە وەڵامی ڕەخنەکان دەداتەوە: “نەچوونمان بۆ ئیمراڵی بە واتای ڕەتکردنەوەی پرسی کورد نایەت”

لە وەڵامی ئەو ڕەخنە توندانەی کە لەلایەن هاوسەرۆکانی دەم پارتی و بەشێک لە چاودێرانەوە ئاراستەیان کراوە، پارتیی گەلی کۆماری (CHP) ڕوونکردنەوەی دا کە بڕیاری بەشدارینەکردنیان لە کۆمیسیۆنی پەیوەندیدار بە ئیمراڵی، پەیوەندیی بە پرەنسیپە سیاسییەکانیانەوە هەیە و بە هیچ شێوەیەک مانای دژایەتیکردنی پرۆسەی ئاشتی یان نکۆڵیکردن لە پرسی کورد نییە.
بەرپرسانی باڵای جەهەپە ڕایانگەیاند کە ئەوان جیاوازییان لەگەڵ دەسەڵات (ئاکپارتی و مەهەپە) ئەوەیە کە دان بە بوونی “پرسی کورد”دا دەنێن و وەک کێشەیەکی بنەڕەتیی وڵات دەیبینن، لە کاتێکدا لایەنەکانی دەسەڵات زۆرجار هەوڵی بچووککردنەوەی دەدەن. جەهەپە جەختی کردەوە کە مانەوەیان لە نێو پرۆسەی ئاشتیدا بەردەوام دەبێت، بەڵام بەو مەرجەی هەنگاوەکان لە چوارچێوەی یاسا و لە ژێر چەتری پەرلەماندا بنێن.
سەبارەت بە میکانیزمی چارەسەر، جەهەپە ئاماژەی بەوە داوە کە کاتێک ئامادەکارییە یاسایییەکان دەستیان پێ کرد و بابەتەکە هاتە نێو پەرلەمان، ئەوان “پێشنیار” و پڕۆژەی خۆیان دەخەنە ڕوو. ئەمەش دوای ئەوە هات کە هاوسەرۆکانی دەم پارتی ڕەخنەیان لە دوودڵی و هەڵوێستی “ناڕوونی” جەهەپە گرت و بە دژایەتیکردنی ئاشتی لێکیان دایەوە.
جەهەپە لە مێژووی خۆیدا تۆمەتبار کراوە بەوەی کە خاوەنی دیدگایەکی ئەمنی بووە بەرانبەر بە پرسی کورد، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی داوە ئەو وێنەیە بگۆڕێت. ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئێستای جەهەپە، چەندین جار ڕایگەیاندووە کە “دەوڵەتێک بە کورد دەدەن کە ئەویش دەوڵەتی دیموکراسی و یەکسانییە”، بەڵام هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناونیشانی چارەسەر پەرلەمانی تورکیایە، نەک دورگەی ئیمراڵی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلانی لێ زیندانی کراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی دەکات

یاسین

قەیرانی ئاو و کارەبا: لە ١٧ پارێزگای ئێران دەوامی فەرمی ڕاگیرا

سەڵاح

نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکارییە مرۆییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە

سەڵاح