zagros news agency

تاران: واشنتن هاوبەشی تاوانەکانی ئیسرائیلە و مافی ئەتۆمیشمان سازشی لەسەر ناکرێت

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە توندی هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕایگەیاند کە واشنتن نەک هەر لایەنگر، بەڵکو گرنگترین پشتیوانی سەربازی و سیاسیی ئیسرائیلە لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە و دامەزراوە هەستیارەکانی ئێران.
بەقایی لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە هەڕەشە و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە چرای سەوزی ئەمریکا ئەنجام دەدرێن. ناوبراو داوای لە ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) کرد کە بێدەنگ نەبن و لێپرسینەوەی یاسایی لەم پێشێلکارییانە بکەن.
سەبارەت بە ئەگەری دانوستان لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا، گوتەبێژەکەی ئێران ڕایگەیاند کە ئەزموونەکان دەریانخستووە ئەمریکا لە پرۆسەی دیپلۆماسیدا “جدی نییە” و تەنیا دەیەوێت مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت. ئەو جەختی کردەوە کە پیتاندنی یۆرانیۆم مافێکی سەروەریی ئێرانە و هیچ هێرشێک یان فشارێکی دەرەکی، چ لەلایەن ئیسرائیل و چ لەلایەن ئەمریکاوە، ناتوانێت تاران لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازانەکەی پاشگەز بکاتەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل گەیشتۆتە بەرزترین ئاست، بەتایبەت دوای هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دوایییەی نێوانیان. هەروەها سەردانی ئەم دوایییەی ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بۆ تاران، نەیتوانیوە بە تەواوی نیگەرانییەکانی ڕۆژئاوا بڕەوێنێتەوە، لە کاتێکدا ئیدارەی بایدن و ئیسرائیل بەردەوام هۆشداری دەدەن لە نزیکبوونەوەی ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، تۆمەتێک کە تاران بەردەوام ڕەتی دەکاتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سوپای سووریا دەستی بەسەر دەروازەی (یەعروبییە)دا گرت

سەڵاح

یەدەگی زێڕی عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 17 تریلیۆن دینار

سەڵاح

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح