مستەفا کەواکبیان، نوێنەری پێشووی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، مەسعوود پزیشکیان بە مۆڵەتی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، لە ڕێگەی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیەوە، نامەیەکی ئاراستەی سەرۆککۆماری ئەمریکا کردووە و تێیدا ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ دانوستان دەربڕیوە.
ئەو نوێنەرەی پێشووی پەرلەمان گوتی: “کاریگەریی ناردنی نامەکە وای کرد ترەمپ باس لە پلانداڕشتن بۆ دانوستان بکات.”
پێشتریش ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندبوو، سەرۆککۆماری ئێران لە نامەیەکدا بۆ بن سەلمان داوای لێ کردووە سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕازی بکات تاوەکوو دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەست پێ بکاتەوە؛ باسی لەوەش کردووە ئێران خوازیاری شەڕ نییە و ئەگەر مافی پارێزراو بێت، ئامادەیە پرسی ئەتۆمی لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکات.
هاوکات ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم بابەتە گوتی: “نامەکە سەبارەت بە پرسی دوولایەنە و حەج بووە.”

