zagros news agency

کرێملین: دوایین پلانی ترەمپ بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە ئۆکرانیا وەرگیرا

یوری ئوشاکۆف، ڕاوێژکاری ڤلادیمیر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیا، ڕای گەیاند کە مۆسکۆ دوایین وەشانی پلانی ئاشتیی ئۆکرانیای وەرگرتووە و “هەندێک لە بڕگەکانی ئەم پلانە ئەمریکایییە پێویستیان بە تاوتوێکردنی جدی هەیە”.

بەپێی ئاژانسی هەواڵیی “تاس”، ئوشاکۆف ڕۆژی چوارشەممە ڕای گەیاند کە نێردەی ئەمریکا ڕۆژی ڕابردوو لە پایتەختی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەگەڵ نوێنەرانی ئۆکرانیا و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەگەڵ نوێنەری ڕووسیا کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا. ئەو گوتی نوێنەرانی دەزگاکانی هەواڵگریی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەربارەی “بابەتە هەستیارەکان لەوانە دیلەکانی شەڕ” گفتوگۆیان کردووە، بەڵام پلانی ئاشتیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی ئەبو زەبیدا تاوتوێ نەکراوە.
ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ڕووسیا چەند کاتژمێرێک پێشتر ڕای گەیاندبوو ستێڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ چەند بەرپرسێکی تری حکوومەتی ئەمریکا سەردانی مۆسکۆ دەکات.
سێرگی لاڤرۆف، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ڕۆژی ڕابردوو گوتبووی وڵاتەکەی “چاوەڕێ دەکات لایەنی ئەمریکایی وەشانی پلانە ڕێککەوتووەکەی لەگەڵ ئەورووپا و ئۆکرانیا پێشکەش بکات”. ئەو بە ئاماژەکردن بە ڕەتکردنەوەی پلانەکە، ڕوونی کردەوە “ئەگەر ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەلاسکادا لەسەری ڕێککەوترا، لە پلانە چاککراوەکە بسڕدرێتەوە، دۆخەکە بە تەواوی جیاواز دەبێت”.
نووسرای سەرەتایی پلانی ئەمریکایی جەختی لەوە دەکردەوە کە کیێڤ دەستبەرداری کۆنترۆڵی نیمچەدوورگەی کڕایمیا و ناوچەی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی وڵات ببێت و ناوچەکانی خێرسۆن و زاپۆریژیا چەک بکرین. ئەم پلانە هەروەها دەرچوون لە داواکاریی ئۆکرانیا بۆ چوونە نێو “ناتۆ”، کەمکردنەوەی قەبارەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا و قەدەغەکردنی جێگیرکردنی هەر هێزێکی نێودەوڵەتی لە خاکی ئۆکرانیادا لە خۆ دەگرت. داواکارییانێک کە ڕووسیا هەمیشە جەختی لەسەر کردووەتەوە. ئەم پلانە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی لە ئۆکرانیا لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژ پاش ئاگربەست دەکرد.
ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا، ڕای گەیاندبوو پلانی ئاشتییە چاککراوەکەی کە لە ئێستادا لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپادا تاوتوێ دەکرێت، هەندێک “چاکسازیی ئەرێنی” لە خۆ دەگرێت، بەڵام جەختی لەوە کردەوە دەربارەی هەندێک “بابەتی هەستیار” لەگەڵ هاوتا ئەمریکایییەکەیدا گفتوگۆ دەکات. بەپێی گاردین، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی دزەپێکراودا، ویتکۆف بە بەرپرسێکی باڵای کرێملینی گوتووە کە گەیشتن بە ئاشتی لە ئۆکرانیادا پێویستیی بەوە هەیە کە ڕووسیا کۆنترۆڵی دۆنێتسک بگرێتە دەست و ڕەنگە ئاڵوگۆڕێکی زەویی جیاوازیش ئەنجام بدرێت. پلانی سەرەتاییی ٢٨ بڕگەیی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی ململانێکە بۆ کیێڤ قبووڵ نەکرا بووە. بەڵام دواتر ژمارەی بڕگەکانی پلانەکە کەم کراونەتەوە بۆ ٢٢ و تەنانەت ١٩ بڕگە، دوای گفتوگۆ لەگەڵ ئۆکرانیا.

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزارەتی پەروەردە پڕۆگرامی خوێندنی پۆلی 9 و 12ی کەمکردەوە

یاسین

راگەیندراوێک لە شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان

یاسین

چامپیۆنزلیگ.. لە یاریێکی بەهێزدا یۆڤانتۆس شکستی بە مانسیتی هێنا

یاسین