هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، لە تاران لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، کۆ بووەوە. هەر لەو ڕۆژەدا بڕیارە فیدان لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆمار، محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمان، و عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، دیدار ئەنجام بدات.
مەسعوود پزیشکیان لە تەممووزی ٢٠٢٤ دا وەک سەرۆک کۆماری ئێران هەڵبژێردرا و سیاسەتی دەرەوەیی کارگێڕییەکەی لە لایەن عەباس عێراقچییەوە بەڕێوە دەبرێت. پزیشکیان جەختی لە سەر سیاسەتی “کەمکردنەوەی گرژییەکان” و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان کردووەتەوە، هاوکات پابەند بوونی ئێران بە بنەماکانی “نە ڕۆژهەڵات و نە ڕۆژئاوا” ڕوون دەکاتەوە. ئەو هەروەها پاڵپشتیی خۆی بۆ “تەوەرەی بەرگری” دەربڕیوە کە پەیوەندیی بە گروپە نزیکەکانی ئێرانەوە هەیە لە دەڤەرەکەدا.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، دوای گفتوگۆکانیان لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە، گوتی: “تورکیا هەمیشە لە پاڵ ئێراندا بووە و دەبێت و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا، پرسی ناوەکیی ئێران دەبێت بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت. گەمارۆ نادادپەروەرەکان دەبێت لاببرێن”. فیدان جەختی لە سەر گرنگیی پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان تورکیا و ئێران لە بوارەکانی بازرگانی، وزە، ئاسایشی دەڤەرکە و بەڕێوەبردنی کۆچی نایاسایی کردەوە. وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕای گەیاند ئێران کۆنسوڵخانەیەکی نوێ لە شاری وان لە ڕۆژهەڵاتی تورکیادا دەکاتەوە. هەردوو لا لە سەر ئەنجامدانی نۆیەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هاوکاریی تورکیا-ئێران لە ئاستی سەرۆکایەتیی وڵاتان هاوڕا بوون،
عەباس عێراقچییش لەم کۆنگرەیەدا، بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بدات، گوتی: “لە نێو ئەم دیدارەدا لە بارەی پرسەکانی ناوەکی، گەمارۆ ستەمکارەکان و میکانیزمی گەڕانەوەی گەمارۆکان گفتوگۆمان کرد”. میکانیزمی “گەڕانەوەی گەمارۆکان” (Snapback) لە نێو ڕێککەوتننامەی ناوەکیی ساڵی ٢٠١٥ (پلانی گشتگیری هەنگاوی هاوبەش – JCPOA) دا دانراوە، کە ڕێگە بە هەر لایەنێکی بەشداربوو دەدات ئەگەر پێی وابوو ئێران بە ئەرکەکانی پابەند نەبووە، بە شێوەیەکی تاکلایەنە گەمارۆکانی ڕابردووی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەر ئێراندا بگەڕێنێتەوە. ئەم میکانیزمە بڕیار بوو لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ دا کۆتایی بێت. لە مانگی ئابی ٢٠٢٥، وڵاتانی ئەندامی E3 (فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا) دەستیان بە پڕۆسەی کاراکردنی ئەم میکانیزمە کرد.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٥ دا گەمارۆکانی بە سەر ئێراندا گەڕاندەوە و ئێران ڕای گەیاند کە پابەندبوونی خۆی بە ڕێککەوتننامەی ناوەکی کۆتایی پێ هێناوە.

