zagros news agency

محەممەد حەسان: داوا دەکەم هەر دوو حکوومەتی هەرێم و عێراق بە زووترین کات پێکبهێن

ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەد حەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و سەرۆکی نێردەی یونامی بەغدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوتارێک لە بارەی دواین پەرەسەندنەکانی عێراق پێشکەش کرد.

محەممەد حەسان لە گوتارەکەیدا گوتی: داوا دەکەم حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و عێراق بە زووترین کات پێکبهێت، کە دەبێتە هۆی چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوانیان و باشتر کردنی پەیوەندییەکانیان، هیوادارین پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن و هەماهەنگی بکەن.

دەشڵێت: لە عێراق ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە لە ناوخۆی وڵاتدا هەیە، هەروەها زیاتر لە 100 هەزار ئێزدی خەڵکی شنگال دوای 11 ساڵ هێشتا لە نێو کەمپەکاندا دەژین و لە دۆخێکی زۆر خراپدان و بەشێکیان تاوەکوو ئێستا لە دەستی داعش ڕزگار نەکراون. ئاماژەشی دا، سەرەڕای ئەوە عێراق بەسەر ململانێیە ناوخۆییەکان سەرکەوتووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا کێشەی ئەمنی و ئابووری بە تەواوی چارەسەر نەکراون.

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق باسی لەوەش کرد، لە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی عێراق و بە تایبەت هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر زۆر نیگەرانە و دەبێت دەستبەجێ ئەو هێرشانە ڕابگیرێن و ئەو کەسانەی لە هێرشەکە بەرپرسیارن دەبێت بدرێنە دادگا.

محەممەد حەسان ڕاشیگەیاند، حکوومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی ستانداردەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەرپرسیارە، ئەوانیش مافی پێکهاتەکان، گەنجان و ئافرەتانە، هاوکات لەگەڵ ئازادی ڕادەربڕین، کە بنەمایە بۆ بوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات.

هەروەها داواشی لە سەرکردەکانی عێراق کرد، ڕێز لە کچان بگرن و ڕێگری لە بە شوودانی پێشوەختە بگرن و ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، چونکە عێراق لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت.

گوتیشی: سەرەڕای ئەوە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو ئەرکی یونامی لە عێراق تەواو دەبێت، بەڵام هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت و قۆناغێکی نوێ دەست پێ دەکات و لە پشتیوانی کردنی عێراق بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی بە ڕاوێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بابەتەکانی ئابووری، کەش و هەوا، مافی مرۆڤ، ئاوارەکان، بەشداریی چالاکی ئافرەتان، گەنجان و پێکهاتەکان خۆی بنیات بنێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

به‌په‌له‌..په‌رله‌مانتارێك له‌رێگای زاگرۆسه‌وه‌ هه‌وڵێكی پارتی بۆ داهاتووی كوردستان بڵاو ده‌كاته‌وه‌

سەڵاح

وەزیری دارایی ئیسرائیل دەست لەکار دەکێشێتەوە

یاسین

سەرۆک بارزانی لەگەڵ محەممەد حاجی مەحموود پێشهاتەکان تاوتوێ دەکات

سەڵاح