zagros news agency

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کشانەوەی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان دەکات

کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە، ٢ی کانوونی یەکەم، بڕیارێکی پەسەند کرد کە تێیدا داوای کشانەوەی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان دەکات. ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧دا ئەو دەڤەرەی داگیر کرد و لە ساڵی ١٩٨١دا خستییە سەر خاکی خۆی، بەڵام ئەمە بە شێوەیەکی نێودەوڵەتی نەناسێنراوە. بڕیارەکە بە زۆرینەی ١٢٣ دەنگی بەڵێ لە بەرانبەر حەوت دەنگی نەخێر پەسەند کرا، کە دەنگی ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانیشی تێدا بوو. ٤١ ئەندامیش خۆیان بەدوور گرت لە دەنگدان.
لە بڕیارەکەدا هاتبوو کە بڕیارەکەی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٨١دا بۆ سەپاندنی یاسا و دەسەڵات و کارگێڕیی خۆی بەسەر جۆلانی سووریای داگیرکراودا “پووچەڵە” و داوای هەڵوەشاندنەوەی کرا. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئیسرائیل کردووە دانوستانەکان لەسەر ڕێڕەوی سووری و لوبنانی دەست پێ بکاتەوە و ڕێز لە پابەندبوون و بەڵێنەکانی پێشوو بگرێت. بڕیارەکە داوای کشانەوەی ئیسرائیل لە جۆلانی سووریای داگیرکراو بۆ سنوورەکانی ٤ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧ دەکات.
سەرەڕای ئەوەی بڕیارەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ١٩٣ ئەندامی هەیە بە شێوەیەکی یاسایی ناچارکەر نین، بەڵام کێشێکی ڕەمزییان هەیە و ئاراستەی ڕای گشتیی جیهان نیشان دەدەن. دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پلاتفۆرمی “ئێکس”دا دەربارەی دەنگدانەکە گوتی: “کۆمەڵەی گشتیی جارێکی تر سەلماندی کە چەندە لە واقیع دابڕاوە. لەبری مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانەکانی میحوەری ئێران و چالاکییە مەترسیدارەکانی میلیشیاکان لە سووریا، داوای کشانەوەی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان دەکات، کە هێڵێکی بەرگریی ژیانییە و هاووڵاتییانمان دەپارێزێت. ئیسرائیل هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ هێڵەکانی ساڵی ١٩٦٧ و دەستبەرداری جۆلان نابێت”..

هەواڵی پەیوەندیدار

زانا مه‌لا خالید بۆ زاگرۆس: پارتی به‌ئیراده‌یه‌كی یه‌ك ملیۆن ده‌نگه‌وه‌ به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنی مه‌زنتر ده‌چێت

سەڵاح

راگەیندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەوە

یاسین

دەست بە دابەشکردنی پارەی ئەم توێژە دەکرێت

یاسین