zagros news agency

نێردەی تایبەتیی ئەمریکا: ڕێککەوتنی ئاشتیی ئۆکرانیا زۆر نزیکە

کیت کێڵۆگ، نێردەی تایبەتیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاروباری ئۆکرانیادا، ڕای گەیاند کە گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا “زۆر نزیکە” و لە ئێستادا بە چارەسەرکردنی دوو بابەتی سەرەکییەوە بەستراوەتەوە: داهاتووی دەڤەری دۆنباس و وێستگەی وزەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا.
کیت کێڵۆگ، نێردەی تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاروباری ئۆکرانیادا، ڕۆژی شەممە ٦ی کانوونی یەکەم، لە کۆڕبەندی بەرگریی نەتەوەییی ڕیگان لە کالیفۆرنیا گوتی کە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ململانێی ئۆکرانیا چوونەتە “١٠ مەتریی کۆتایی”یەوە، کە بە گوتەی ئەو هەمیشە سەختترین بەشی کارەکە بووە.
بەپێی ئەمە، دوو کێشە سەرەکییە ماوەکان، بابەتە هەرێمییەکان دەگرێتەوە، بە تایبەتی داهاتووی دۆنباس، هەروەها وێستگەی وزەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا، کە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمیی ئەورووپایە و ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی ڕووسیادایە. نێردەی تایبەتیی ئەمریکا لە کاروباری ئۆکرانیادا، ڕوونی کردەوە: “ئەگەر ئەم دوو کێشەیە چارەسەر بکرێن، پێم وایە بابەتەکانی دیکەش بە باشی بەڕێوە دەچن. ئێمە نزیک بووینەتەوە لە ئەنجامێک. زۆر نزیکین.”
کیت کێڵۆگ، جێگریی ژەنەڕاڵی خانەنشین لە سوپای ئەمریکا کە لە ڤێتنام، پەنەما و عێراق خزمەتی کردووە، قەبارەی زیانەکانی مردن و برینداربوون لە جەنگی ئۆکرانیای بە “ترسناک” و بۆ جەنگێکی دەڤەریی، “بێپێشینە” وەسف کرد. بە گوتەی ئەو، ڕووسیا و ئۆکرانیا لە کاتی دەستپێکردنی جەنگەوە، بە گشتی زیاتر لە ٢ ملیۆن کوژراو و برینداریان بووە. نە ڕووسیا و نە ئۆکرانیا خەمڵاندنی فەرمیی زیانەکانی خۆیان ئاشکرا ناکەن. مۆسکۆ دەڵێت کە خەمڵاندنەکانی ئۆکرانیا و ڕۆژاوا لە زیانەکانی ڕووسیا زیادەڕۆیی تێدایە؛ کیێڤیش دەڵێت کە ڕووسیا زیانەکانی ئۆکرانیا لە ڕادەی ڕاستی زیاتر نیشان دەدات.
ڕووسیا لە شوباتی ٢٠٢٢دا دوای هەشت ساڵ ململانێ لە نێوان جوداخوازانی پشتگیریکراو لە لایەن مۆسکۆ و هێزەکانی ئۆکرانیا لە دەڤەری دۆنباس، کە دەڤەرەکانی دۆنێتسک و لوهانسک دەگرێتەوە، هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا. جەنگی ئۆکرانیا کوشندەترین ململانێی ئەورووپا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە و گەورەترین ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیا و ڕۆژاوا لە دوای لووتکەی جەنگی ساردەوە هەژمار دەکرێت. ڕووسیا لە ئێستادا کۆنترۆڵی ١٩.٢%ی خاکی ئۆکرانیای لە دەستدایە، لە نێویاندا کریمیا کە لە ٢٠١٤دا خستییە سەر خاکی خۆی، هەموو دەڤەری لوهانسک، زیاتر لە ٨٠%ی دۆنێتسک، نزیکەی ٧٥%ی خێرسۆن و زاپۆریژیا و بەشێک لە دەڤەرەکانی خارکیڤ، سوومی، میکۆلایڤ و دنیپرۆپێترۆڤسک.

هەواڵی پەیوەندیدار

سوودانی لە بەرژەوەندیی مالیکی کشایەوە

یاسین

60%ـی ئاوی کشتوکاڵی عێراق بەفیڕۆ دەچێت

سەڵاح

نرخى نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینى تۆمار کرد

سەڵاح